وەزیری بەرگریی ئەمریکا: ناردنی چەکمان بۆ ئیسرائیل راگرت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل، لەبەرئەوەیە واشنتن پێیوایە؛ هێرشکردنە سەر شاری رەفەح، ژیانی زۆر خەڵکی فەلەستینی دەخاتە مەترسییەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 08-05-2024، ئیدارەی بایدن بڕیاری دا ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگرێت. 
 
لەوبارەوە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرێسەوە رایگەیاند "ئێمە زۆر روون بووین لەوەی ئیسرائیل نابێت بەبێ فەراهەمکردنی پاراستنی خەڵکی سڤیل، هێرشبکاتە سەر شاری رەفەح. دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بڕیارماندا بە راگرتنی بارێکی زۆری چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل."
 
سەرچاوەیەکی ناونەهێندراو ئاشکرای کردووە "بارەکە بریتییە لە هەزار و 800 بۆمبی دوو هەزار پاوەندی و هەزار و 700 بۆمبی 500 پاوەندی."
 
هەر لە سەرەتای جەنگەوە لە 07-10-2023، ئەمریکا پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕیوە و ئەمە یەکەمجارە ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە رادەگرێت.
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا "ئەو بڕیارە تەنیا بۆ یەک بارە و جارێ هیچ بڕیارێکی کۆتایی بۆ چەکەکانی دیکە نەدراوە."
 
ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوە دەکات؛ هێرش دەکاتە سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە. رەفەح نزیکەی 1.2 ملیۆن ئاوارە و دانیشتووی هەیە، ئیسرائیل دەڵێت "بە هەزاران چەکداری حەماس لەوێن."
 
وڵاتانی رۆژئاوا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەمە بە "کارەساتی مرۆیی" ناودەبەن.
 
ئەمڕۆ، سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە رۆژهەڵاتی شاری رەفەح پێکیاندادا. دوێنێش، ئیسرائیل چەندین تانکی رەوانەی دەروازەی رەفەح کرد و رایگەیاند "دەروازەی رەفەحمان کۆنترۆڵکرد."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی ئیسرائیلی کرد و گوتی، یەکێک لە گرنگترین دەروازەکانی ناردنی هاوکاری و سووتەمەنی بۆ نێو غەززە داخرا، نەخۆشخانەکانی باشووری کەرتەکە تەنیا بەشی سێ رۆژ سووتەمەنییان ماوە.
 
ئەحمەد سۆفی، پارێزگاری رەفەح دەڵێت "شەقامەکانی رەفەح پڕن لە هاوار و سەدای ئەوانەی دەکوژرێن و گیان لەدەستدەدەن، خێزانەکان لێکدەترازێن، خانووەکان دەبنە داروپەردوو. ئێمە لە لێواری مەرگەساتێکی مرۆییداین."
 
ئیسرائیل چەند رۆژێکە داوای لە دانیشتووانی رەفەح بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی شارەکە کردووە روو لە ناوچەی مواسی بکەن. مواسی ناوچەیەکی خیوەتگەیە، ئیسرائیل بۆ خەڵکی رەفەحی دابین کردووە و نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە شارەکە دوورە. پارێزگاری رەفەح دەڵێت "خیوەتگەکە هیچ پێداویستییەکی مرۆیی تێدا نییە."
 
ئاژانسی ئۆنروای تایبەت بە کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی دەڵێت "لە رۆژی 06-05-2024ـەوە لانیکەم 10 هەزار هاووڵاتی رەفەحیان جێهێشتووە."