تەندروستیی جیهانی: نەخۆشخانەکانی باشووری غەززە تەنیا بەشی سێ رۆژ سووتەمەنییان ماوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دەڵێ، بەهۆی داخستنی دەروازە سنوورییەکانەوە، نەخۆشخانەکانی باشووری غەززە تەنیا بەشی سێ رۆژی دیکە سووتەمەنییان ماوە.
رۆژی چوارشەممە، 08-05-2024، تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرێسیەس، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە "داخرانی دەروازەی سنووریی باشووری غەززە رێگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێت سووتەمەنی ببەنە غەززە. بەبێ سووتەمەنی، هەموو ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان دەوەستن و هیچ هاوکارییەک ناگاتە نێو غەززەوە."
سەرەڕای گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتی، دوێنێ (سێشەممە) ئیسرائیل چەند تانکێکی بەرەو باشووری شاری رەفەح نارد کە هاوسنووری میسرە و دەکەوێتە دوایین خاڵی باشووری غەززە و دەروازەیەکی سنووریی ئەو شارەی داخست، کە هاوکاری و سووتەمەنی پێدا تێپەڕ دەبوو.
ڤیدیۆی ساتی گەیشتنی تانکەکانی ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە.
سوپای ئیسرائیلیش پشتڕاستیکردەوە؛ دەروازەی رەفەحیان لە دیوی غەززەوە کۆنترۆڵکردووە.
سوپای ئیسرائیل دووپاتیکردەوە؛ بەردەوام دەبن لە هێرشی سەر رەفەح، کە دەروازەکەی بە خاڵی سەرەکیی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە دادەنرێت.
سوپای ئیسرائیل پێیوایە، رۆژهەڵاتی رەفەح شوێنێکی ستراتیژیی حەماسە. نزیکەی 1.3 ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی لە رەفەح ماون.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، سوپای ئیسرائیل دەیەوێت لە دیوی غەززەوە دەروازەی رەفەح کۆنترۆڵ بکات بۆ ئەوەی چاودێریی هەموو ئەو یارمەتییانە بکات، کە بۆ غەززە دەنێردرێن.
میدیاکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە باس لەوە دەکات، ئیسرائیل بڕوای وایە کۆنترۆڵکردنی رەفەح وا دەکات؛ حەماس نەتوانێت چیدیکە وا پێشانبدات، کە هێشتا کۆنترۆڵی غەززەی بەدەستەوە ماوە.
سەرۆکی WHO گوتی: "نەخۆشخانەکانی باشووری غەززە تەنیا بەشی سێ رۆژ سووتەمەنییان ماوە، ئەوەش واتا بەمزووانە خزمەتگوزاییەکان دەوەستن."
لەبارەی رەوشی نەخۆشخانەکان، گیبرێسیەس گوتی "نەخۆشخانەی نەجار، یەکێکە لە سێ گەورەترین نەخۆشخانەکانی غەززە، بەهۆی چالاکیی و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل لەکارکەوتووە."
سەرۆکی رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ئاماژەی بەوەدا "لەکاتێکدا ئێمە لە هەوڵی فراوانکردنی هاوکارییە مرۆییەکانین بۆ غەززە، ئۆپەراسیۆنی سەر شاری رەفەح دەبێتە هۆی زیاتر سنووردارکردنمان لە گەیشتن بە هەزاران خەڵک کە پێویستیان پێمانە. دەبێت ئەمە بوەستێت."
هەرچەندە حەماس بە پێشنیازەکەی ئاگربەستی ئیسرائیل رازیبووە، بەڵام ئیسرائیل ئەمڕۆ (چوارشەممە) بۆردوومانی شاری رەفەحی کرد.
رۆژی دووشەممە، 06-05-2024، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و عەباس کەمال، وەزیری هەواڵگریی میسر کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە، حەماس بە پێشنیازی ئەوان بۆ ئاگربەست رازی بووە.
بەرپرسێکی باڵای حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئیسرائیل دایە و دەبێت بڕیار بدات لەوەی بە ئاگربەست رازی دەبێت، یان ئاڵنگاری بۆ ئاگربەست دروست دەکات."
بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل ئەو پێشنیازەی کە حەماس پێی رازی بووە، رەتدەکاتەوە و بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، ئەو پێشنیازەی حەماس پێی رازی بووە، پێشنیازێکی نەرمی میسرە و ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە.
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد. تەندروستیی غەززە دەڵێت، 34 هەزار و 800 کەس لە غەززە کوژراون و ئیسرائیلیش دەڵێت، هەزار و 170 کەس کوژراون.