وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سووریا و لوبنان دەکات

08-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سبەی گەشتێک بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێدەکات و سەردانی لوبنان، سووریا و قەتەر دەکات.
 
میدیای فەرمیی ئێران ئەمرۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، سبەی هەینی بە سەردانێک دەگاتە لوبنان.
 
موجتەبا ئەمانی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوبنان لە پەیامێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت، ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، لە سەردانەکەیدا بۆ بەیرووتی پایتەختی لوبنان، لەبارەی پێشهاتە نوێ و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە دەکات.
 
لە لایەکی دیکەوە، میدیا عەرەبییەکانی لوبنان و سووریا بڵاویانکردەوە، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە چوارچێوەی ئەم گەشتەیدا سەردانی سووریا و قەتەریش دەکات.
 
رۆژنامەی ئەلوەتەنی سووری کە سەر بە حکومەتی سووریایە، لە هەواڵێکدا رایگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەردانی شام دەکات و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە تاوتوێی پێشهاتە نوێیەکانی ناوچەکە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا، شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و دۆخی غەززە دەکات.
 
سەردانی ئەمیرعەبدوڵڵاهیان بۆ ناوچەکە لە کاتێکدایە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە بە سەردانێکی دوو رۆژی گەیشتە ناوچەکە و لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە، قەتەر، میسر و ئیسرائیل کۆبووەوە.
 
سەردانەکە هەروەها دوای چەندین پێشهاتی نوێ لە ناوچەکە دێت، بە تایبەت هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەی تاوەر22 لە سنووری ئوردن کە کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 41ی دیکەی لێکەوتەوە، هەروەها هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی سەر بە ئێران لە سووریا و عێراق کە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە