سوودانی: سەقامگیریی سووریا کلیلی سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەیە

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تارانەوە رایگەیاند، سەقامگیریی سووریا کلیلی سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەیە، دەبێت پشت بە زمانی دیالۆگ ببەسترێت، عێراق زمانی هەڕەشەکردن لە وڵاتان رەتدەکاتەوە و داوای دیالۆگێکی هەرێمیی گشتگیر دەکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 08-01-2025 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان سازکرد.
 
لەبارەی سەردانەکەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندیی هەردوو وڵات و کارکردنە بۆ پەرەپێدان بە هاوکارییەکان بە مەبەستی بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بە گوتەی سوودانی، باسی هێڵی ئاسنینی بەسرە - شەلامچە، دروستکردنی شاری ئابووری لەسەر سنوور و دروستکردنی رێگەی وشکانییان کردووە؛ هەروەها دۆخی هەنووکەیی هەرێمی و نێودەوڵەتییان تاوتوێ کردووە.
 
لەبارەی دۆخی سووریاوە سوودانی پێیوایە، سەقامگیریی سووریا کلیلی سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەیە، بۆیە داوای چارەسەری سیاسیی دۆخی سووریای کرد، بە شێوەیەک سەروەری و یەکێتیی خاکی سووریا بپارێزێت، سنوورێک بۆ دەستوەردانی دەرەکی دابنێت، کە زیان بە بەرژەوەندیی خەڵکی سووریا دەگەیێنێت.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، رێز لە خواستی خەڵکی سووریا دەگرن کە چ سیستم و دەستوورێک دیاری دەکەن، بەبێ دەستوەردانی دەرەکی و، متمانەیان بە توانا و لێهاتوویی خەڵکی سووریا هەیە.
  
هاوکات سوودانی ئامادەیی عێراقی دەربڕی بۆ هەموو هاوکارییەک بۆ گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و ئاوەدانکردنەوەی سووریا. جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت پشت بە زمانی دیالۆگ ببەسترێت، زمانی هەڕەشەکردن لە وڵاتان رەتدەکاتەوە، چونکە قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.
 
سوودانی دەڵێت، عێراق داوای دیالۆگێکی هەرێمیی گشتگیر دەکات، لەو چوارچێوەیەدا هەوڵی بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی دەدات کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
 
 
پزیشکیان: روانگەی هاوبەشمان لەسەر رووداوەکانی سووریا هەبوو
 
لە کۆنگرەکەدا مەسعود پزیشکیان لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کرد، "بیروڕامان لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گۆڕییەوە، بەتایبەت هاوکارییە دوولایەنەکان لە هەموو بوارەکاندا، هەردوو وڵات روانگەی هاوبەشمان لەسەر رووداوەکانی سووریا هەبوو، هێمنی و ئارامی و پاراستنی یەکپارچەیی سووریا و پێویستیی دەرچوونی رژێمی زایۆنی لە ناوچەکە، بابەتی کۆبوونەوەکەمان بوو."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆککۆماری ئێران ئەوەی خستەڕوو، "گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت لەگەڵ عێراق، لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە