سەرۆکوەزیرانی قەتەر: کوشتنی سەرکردەکەی حەماس کاریگەریی لەسەر دانوستاندنەکان دەبێت

08-01-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی قەتەر لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس گوتی، "کوشتنی بەرپرسی باڵای حەماس، وا دەکات گفتوگۆ و دانوستاندن لەبارەی بارمتەکان ئاڵۆز بێت، بەڵام کۆڵنادەین."
 
رۆژی یەکشەممە، 7-1-2024، محەممەد بن عەبدولرەحمان، وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "بێگومان کوشتنی سەرکردەیەکی باڵای حەماس شتێکە کە پرۆسەی گفتوگۆ ئاڵۆز دەکات."
 
رۆژی سێشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2024، نووسینگەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە گەڕەکێکی باشووری بەیرووت کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا حەوت کەس کوژران و 11ـی دیکەش برینداربوون. دواتر حەماس رایگەیاند، ساڵح عارووری، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکە و شەش ئەندامی باڵای دیکەیان لەو هێرشەدا کوژراون، کە دووانیان فەرماندە بوون لە کەتیبەکانی قەسام.
 
قەتەر بە هاوبەشی میسر و ئەمریکا دوای چەندین هەفتە لە نێوەندگیری و گفتوگۆ، دواجار لە 24-11-2023 سەرکەوتوو بوون لە رازیکردنی حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاڵوگۆڕکردنی چەند بارمتە و بەندکراوێک، ئەنجامەکەشی ئازادکردنی 105 بارمتە و 240 بەندکراوبوو.
 
ئیسرائیل دەڵێت، حەماس هێشتا 136 بارمتەی لایە، قەتەر، بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە، هەموو هەوڵێک دەدات ئەو بارمتانەی ماونەتەوە ئازاد بکرێن.
 
سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە قسەکانیدا گوتی، "ئێمە کۆڵنادەین؛ بەرەو پێشەوە دەچین. گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنەکان بەردەوامن و لە هەوڵداین بە زووترین کات بگەینە رێککەوتنێک کە بەهۆیەوە هاوکاریی زیاتر بچێتە غەززە و بارمتەی زیاتر ئازادبکرێن."
 
ساڵح عارووری کێ بوو؟
 
ساڵح عارووری، جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، کە لە هێرشە درۆنییەکەی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت کوژرا، لەلایەن ئیسرائیلەوە بە پیلانداڕێژەری چەندین هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل تۆمەتبار کرابوو؛ هەروەها بە هۆکارێکی سەرەکیی نزیکبوونەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی ناسراوبوو.
 
عارووری چەندین جار لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە و زیندانی کراوە، لە ساڵی 2007 کاتێک بۆ دواجار ئازاد دەکرێت، روودەکاتە سووریا و لە شاری دیمەشق لە مەکتەبی سیاسیی حەماس لەگەڵ بەرپرسی ئەوکاتی مەکتەبەکە، خالید مەشعەل، کاری کرد و لەوێ مایەوە تاوەکو ساڵی 2011 و دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی و قەیرانی سووریا.
 
عارووری بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماسیش بووە لە کەرتی رۆژئاوا. لە ساڵانی رابردوودا زۆربەی کاتەکانی لە بەیرووت ژیاوە و لەوێ وەکو باڵیۆزی حەماس لای حیزبوڵڵا کاری کردووە. هەروەها بە کەسێکی نزیک لە یەحیا سینوار، باڵاترین بەرپرسی حەماس لەنێو کەرتی غەززە دانراوە.
 
لەدوای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، کە بووە هۆی کوشتنی لانیکەم هەزار و 200 کەس و دەستبەسەرکردنی 240 ئیسرائیلی و بیانی دیکە؛ وێنەی عارووری و نەسروڵڵا و زیاد نەخالە، سکرتێری گشتی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی، بڵاوبووەوە.
 
کەتیبەکانی قەسام کە باڵی سەربازیی حەماسە، رۆڵی باڵای هەبوو لە هێرشەکانی حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، عارووریش یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەری ئەو گرووپە چەکدارییە.
 
ئیسرائیلییەکان عارووری-یان ناونابوو "پیاوەکەی ئێران لەنێو حەماس."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە