برێت مەکگۆرک وەک رێکخەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیدارەی بایدن دیاریکرا


رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی برێت مەکگۆرکی وەکو رێکخەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دیاریکرد. 
 
برێت مەکگۆرک، نێردەی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، کە لە سەردەمی باراک ئۆباما بۆ ئەو پۆستە دیارکرابوو و دواتریش بۆ ماوەیەک لە ئیدارەی ترەمپیش هەمان پۆستی هەبوو. دوای دیاریکردنی لەلایەن جۆ بایدن، دووبارە دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی.

مەکگۆرک لە 31ی کانوونی یەکەمی 2018 کاتێک دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان دا، ناڕەزایەتی لەدژی ئەو بڕیارە دەربڕی و دەستی لەکارکێشایەوە. 
 
کاری سەرەکیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی هاوکاریکردن و پێدانی ئامۆژگارییە بە سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە. هاوکات رێکخستنی ئەو سیاسەتانەیە لەنێو دامەزراوەکانی حکومەتدا. 

برێت مەکگۆرک و ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەژێر فەرمانی جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی "هاوکاریی سەرۆکی ئەمریکا و جێگرەکەی دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا". 
 
سولیڤان لە ئیدارەی ئۆباما لە 2013 تاوەکو 2014 راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو، هەروەها لە 2011 تاوەکو 2013 بەڕێوەبەری پلانی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو.

جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبارەی کارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، "رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی وڵاتەکەمان". 

مەکگۆرک لە 20ی نیسانی 1973 لە پێنسلڤانیا لە ئەمریکا لە دایکبووە، دوای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سووریاش وەک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە نزیکەی 70 وڵات بوون، دەستبەکاربوو.

مەکۆگۆرک دۆستایەتی و ئاشنایەتییەکی نزیکی لەگەڵ کورد و هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان هەیە، چەند جارێک سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە، لە ماوەی شەڕی داعشیش بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆبووەتەوە و سەردانی کردوون. 

 

برێت مەکگۆرک لە تویتێکدا لەبارەی پێدانی ئەو پۆستە پێی، دەڵێت، لە دەیەی رابردوودا لەگەڵ جۆ بایدن خزمەتی کردووە و "ئەو سەرکردەیەکە کە لەم دۆخە هەستیارەی مێژوودا پێویستمانە".