قەرارگای ساروڵڵا: ئەوەی ئەمڕۆ هەنگاوی یەکەم بوو
رووداو- هەولێر
جێگری قەرارگای ساروڵڵا گوتی: "ئێمە هیچکات قسەیەک ناکەین کە نەیکەینە کردەوە و ئەو هەنگاوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەنگاوی یەکەم بووە".
ئیسماعیل کەوسەری، جێگری قەرارگای ساروڵڵا لەبارەی وەڵامدانەوەی ئێران بە کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە لە مووشەکبارانکردنی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق گوتی: "ئەمریکییەکان دەبێت بزانن کە ناوچەکە بەجێبێڵن".
جێگری قەرارگای ساروڵڵا بە بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێت: "بەرپرسانی ئەمریکا دەبێت رێگریی بکەن لە تاوانەکانی ترەمپ و وا بیرنەکەنەوە ئێرە گۆڕەپانی قومارکردنە. ئێرە گۆڕەپانی ئامادەیی مرۆڤەکانە نە گۆڕەپانی قومارکردن. بەرپرسانی ئەمریکی دەبێت زەخت لە ترەمپ بکەن و لە هەنگاوە شەڕەنگێزانەکانی خۆیان دەست هەڵگرن ئەگینا هێزەکانیان لە ناوچەکە زیانیان پێدەگات. هەر جموجووڵێکیش بکەن دڵنیابن کەمتر لەوە وەڵامیان نادەینەوە.
ئیسماعیل کەوسەری دەڵێت: "بەرپرسانی ئەمریکا دەبێت خەمی هێزەکانیان بێت و هەزاران کیلۆمەتر دوورتر دانەنیشن و هێزەکانیان لەژێر ئاگری هێزەکانی ئێمە بێت. ئەمریکییەکان دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکەن، ئەمە داواکاریی یەکەمی شەهید سولەیمانیش بووە و دەبێت بزانن کە ئێمە واز لە ئەمریکییەکان ناهێنین".