سەرۆک بارزانی: بە بایەخەوە بەدواداچوون بۆ رووداوەکانی سووریا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی سووریا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئومێد دەخوازێت لایەنەکان "بەشێوەیەکی ئاشتییانە بگەنە رێککەوتنێک کە لەبەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریدا بێت."
رۆژی شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا گوتی، "بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ رووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەکەین کە لە سووریا روودەدەن، چونکە ئەو پێشهات و رووداوانە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر چارەنووسی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و تێکڕای ناوچەکەمان هەیە."
سەرۆک بارزانی دەشڵێت "هیوادارین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا لە ئەنجامدا ببنە هۆی ئەوەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و رەفتارێکی وا ئەنجام نەدرێت، کە ناکۆکی و گرفتی نەتەوەیی و تایفی لەنێو پێکهاتەکانی سووریا قووڵ بکاتەوە."
لە 27ـی تشرینی دووەمەوە، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکردووە، تائێستا کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکانی حەلەب و حەمایان راگەیاندووە و دەستیان بەسەر زۆربەی پارێزگای حومس دا گرتووە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم چەند رۆژەدا، 828 کەس کوژراون کە 111ـیان سڤیلن.