رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی 22ـیەمین کۆڕبەندی دەوحە لە قەتەر، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو لە دەوحە دەڵێت، پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا، فوئاد حوسێن لەگەڵ بەرپرسە ئەمریکییەکان کۆبووەوە. ژمارەیەک کۆبوونەوەی دیکەشی دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی رووداو لە دەوحە، پرسی سووریا تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی عێراق و رووسیا بووە.
22یەمین کۆڕبەندی دەوحە لە ژێر ناونیشانی "پێویستیی داهێنان" بەڕێوەدەچێت، تێیدا باس لە دوایین ئاڵنگاری و ئاڵۆزییەکانی جیهان و ناوچەکە دەکرێت. ئەوە جگە لە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا، ئابووری و پێویستیی داهێنانی رێبازی نوێی هاوئاهەنگی و چارەسەرکردنی کێشەکان.
لە کۆڕبەندەکە دا، کە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، چوار هەزار و 500 کەس لە 150 وڵاتەوە بەشدار دەبن. حەوت لەوانە سەرۆکی وڵاتن، حەوتیان سەرۆکوەزیرانن و 15یان وەزیرانی دەرەوەن.
کۆڕبەندەکە لەکاتێکدایە کە 14 مانگ بەسەر جەنگی غەززە دا تێدەپەڕێت، جەنگێک کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 44 هەزار و 580 کەس و برینداربوونی 100 هەزار کەسی دیکە.
هاوکاتیشە لەگەڵ جەنگێکی سەرلەنوێبووەوەی نێوخۆی سووریا کە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە. هێزەکانی دەستەی تەحریری شام و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی حکومەتی سووریا لە دژی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد شەڕ دەکەن.
سەنگەر عەبدولڕەحمان لەبارەی کۆڕبەندەکەوە دەڵێت، هیچ شاندێکی حکومەتی سووریا بەشدار نییە، بەڵام شاندی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە لە کۆڕبەندەکە دا بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ