هەسەدە: لە باب وەڵامی هێرشێکمان دایەوە و سێ شەڕڤانمان شەهید بوون
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، رۆژی هەینی لە ناوچەی باب لە رۆژئاوای شاری منبج، وەڵامی هێرشێكی گرووپە چەکدارەکانیان داوەتەوە و ژمارەیەک چەکداریان کوشتوون، لە ئەنجامی شەڕەکەشدا سێ شەرڤان گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج رایگەیاند، بە درێژایی رۆژی هەینی 06-12-2024 بۆردوومانی هێزەکانی سووپای تورکیا و "چەکدارە بە کرێگیراوەکان" بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و باشوور و رۆژهەڵاتی منبج بەردەوام بووە، هەروەها جارێکیان درۆنی خۆکووژیان بەکارهێناوە. جگە لەوەش سوپای تورکیا دوو جار گوندی قورعەی بۆردوومان کردووە.
ناوەندەکە هەروەها رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی مافی بەرگریی لەخۆکردن، وەڵامی هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانیان لە ناوچەی باب داوەتەوە، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا ژمارەیەک چەکداریان کوشتوون، سێ شەڕڤانیش گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی هەینی وا بڵاوکرایەوە، کە چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا، هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە منبج، بەڵام ئەنجوومەنی سەربازی منبج ئەو راگەیێندراوەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەوەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە و درۆیە، ئێمە هەموو کات توانامان هەیە چەکدارە بە کرێگیراوەکان پەرتەوازە بکەین."
رۆژی هەینی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لەگەڵ هێزەکانی دەستەی تەحریری شام - هەتەشە، پەیوەندی و هاوئاهەنگیان هەیە و هەردوولا بڕیاریان داوە شەڕی یەکدی نەکەن.
بەڵام گرووپە چەکدارەکانی "سوپای نیشتمانی سووریا" ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گزنگی ئازادی" راگەیاندووە، کە تاوەکو ئێستا ئامانجی سەرەکییان ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانانی کورد بووە.