رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاشکرای دەکات، 114 توشبووی شێرپەنجەیان لە غەززەوە گواستوونەتەوە بۆ تورکیا و چارەسەر وەردەگرن و دەشڵێت: "دوو لە تووشبووان، گیانیان لەدەستداوە".
لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا، کە شەوی رابردوو، 6ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەچوو، فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا بۆ رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی دوا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گواستنەوەی نوێی تووشبووانی شێرپەنجە لە غەززەوە بۆ ئەنقەرە، فەخرەدین کۆجا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 114 تووشبووی شێرپەنجە و 86 هاوەڵیان، دوای دەرهێنانیان لە غەززە، لە رێگەی فڕۆکەخانەی عەریشەوە گواستراونەتەوە تورکیا.
فەخرەدین کۆجا راشیگەیاند، لەنێو تووشبوواندا 26 منداڵ هەن و دۆخی تەندروستیی بەشێکیان خراپە و بەداخەوە، چوار رۆژ دوای گەیشتنیان بە ئەنقەرە، دوو لە تووشبووەکان بە شێرپەنجە، گیانیان لەدەستدا.
بەهۆی خراپی دۆخی غەززە و بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، تورکیا بڕیاری گواستنەوە و چارەسەرکردنی تووشبوواندا و تاوەکو ئێستا دوو کاروانی تووشبووان بەم نەخۆشییە گواستووەتەوە تورکیا.
حکومەتی تورکیا، لەودیوی دەروازەی رەفەح لە ناوچەی عەریش، نەخۆشخانەیەکی مەیدانی تایبەت بۆ تووشبووانی شێرپەنجە کردووەتەوە و سەرجەم تووشبووانی ئەم نەخۆشییە، لە غەززە وەردەگرێت و چارەسەریی سەرەتاییان بۆ دابین دەکات و دواتر هەر لە رێگەی فڕۆکەخانەی عەریش لە میسر، دەیانگوازێتەوە نەخۆشخانەی گولهانە لە ئەنقەرە.
رۆژی 15ـی تشرینی دووەمی 2023، فەخرەدین کۆجا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی، گەیشتە میسر و لەگەڵ خالید عەبدولغەفار، هاوشانە میسرییەکەی پێکەوە سەردانی ناوچەی عەریش کرد و لەگەڵ خۆیدا 27 منداڵی تووشبووی شێرپەنجە لەگەڵ 13 هاوەڵیان گواستەوە ئەنقەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ