وەزیری دەرەوەی ئێران: رۆژانی داهاتوو بۆ ئیسرائیل زۆر ترسناک دەبن

07-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر باسی دۆخی غەززە و دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند، "رۆژانی داهاتوو بۆ رژێمی ئیسرائیل زۆر ترسناک دەبن".
 
حوسێن ئەمیرعەبدۆڵڵاهیان هەروەها داوا لە میسر دەکات، بە بێ هیچ مەرجێک و بەمەبەستی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، دەروازەی سنووریی رەفەح بکاتەوە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، حوسێن ئەمیرعەبدۆڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، شەوی چوارشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی فەلەستین و کەرتی غەززە بە تایبەتی، دوایین پێشهاتەکانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەززە تاوتوێ کردووە.
 
وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات، هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر کەرتی غەززە و کوشتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل بە تایبەت ژنان و منداڵانی فەلەستینیان "شەرمەزار" کردووە و وەک "پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان، تاوانی شەڕ و جینۆساید" ناوزەندیان کردووە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هێرشەکانی ئیسرائیل بووەستێنن.
 
حوسێن ئەمیرعەبدۆڵڵاهیان و شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەربڕی و جەختیان لەسەر بڕیارنامەی پێشنیازکراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەولەتی بۆ چارەسەری سیاسی کێشە و پێشهاتەکانی فەلەستین کردەوە.
 
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "مقاوەمەی ئیسلامی تائێستا بەهێزەوە وەڵامی دەستدرێژییەکانی رژێمی ئیسرائیلی داوەتەوە و بەم رەوتە رۆژانی داهاتوو بۆ رژێمی ئیسرائیل زۆر ترسناک دەبن".
 
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووە، داوا لە میسر دەکات بە بێ مەرج دەروازەی سنووری رەفەح بکاتەوە.
 
حوسێن ئەمیرعەبدۆڵڵاهیان دەڵێت، "چاوەڕوان دەکرێت دەسەڵاتدارانی باڵای میسر بەبێ مەرج دەروازەی سنووریی رەفەح بکەنەوە بۆ ئەوەی دەرمان و خۆراک و سووتەمەنی بۆ هەموو غەززە بنێردرێت. ئەمڕۆ چاوی ژنان و منداڵانی بێ ئاو و دەرمان و خۆراکی غەززە لەسەر دەروازەی سنووی رەفەح و بڕیارە چارەنووسسازەکەی میسرە".
 
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند. ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند و دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە کرد.
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندینجار هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە نەوەستێنێت، ئەگەری فراوانبوونی بەرەکانی شەڕ لە لایەن هێزەکانی "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی"یەوە هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە