گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی یەمەن کاردانەوەی جیاوازی لێدەکەوێتەوە

08-12-2018
ئەیاد مەوسمی
بەشێک لە شەقامی یەمەنی، گفتوگۆکان بە گرنگ وەسفدەکەن و هەندێکی دیکەیان پێیانوایە، وەک گەڕەکانی رابردوو چارەنووسەکەی هەر شکستە
بەشێک لە شەقامی یەمەنی، گفتوگۆکان بە گرنگ وەسفدەکەن و هەندێکی دیکەیان پێیانوایە، وەک گەڕەکانی رابردوو چارەنووسەکەی هەر شکستە
نیشانەکردن یەمەن
A+ A-

رووداو-سەنعا

بە نێوەندگیری نەتەوەکگرتووەکان، گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی ئاشتی لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی یەمەن لە سوێد دەستیپێکردووە. ئەم گەڕەی گفتوگۆکان دوای هەشت مانگ لە هەوڵەکانی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان دێت کە وەڵامی مەرجی حوسییەکانی دایەوە، بەمەبەستی بەشداریکردن لە دانوستاندنەکان دا.


بەشێک لە شەقامی یەمەنی، گفتوگۆکان بە گرنگ وەسفدەکەن و هەندێکی دیکەیان پێیانوایە، وەک گەڕەکانی رابردوو چارەنووسەکەی هەر شکستە. 

دوای هەشت مانگ لە هەوڵەکانی، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکەوتوو بوو لە گەیشتن بە گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی ئاشتی یەمەن لە سوێد، گفتوگۆکان هاوکاتە لەگەڵ ئەو رێککەوتنانەی کراون، کە رێگە خۆشدەکات بۆ بونیادنانی متمانە لەنێوان هەردوولایەنی ناکۆک، بۆ ئەوەی لەبارەی دۆسیە ئاڵۆزەکان دەست بە گفتوگۆکانیان بکەنەوە. ئەمەش دوای ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان وەڵامی مەرجەکانی حوسییەکانی دایەوە، بەمەبەستی بەشداریکردن لە دانوستاندنەکان، بەڵام بە بۆچوونی حوسییەکان تاوەکو ئێستا چوون بۆ سوێد و بەدیهێنانی ئاشتی رێگایەکی دوور و درێژە.

زەید غرسی، سیاسەتمەداری حوسی دەڵێت: "پێموانییە ئەم دانوستاندنە بگەنە چارەسەرێکی ئەرێنی، یەکەم: ئەو دانوستاندنە بۆ بونیادنانی متمانە نییە، دووەم: بۆ باسکردنی بابەتی سەرەکی نییە کە وەستانی گەمارۆ و بۆردوومانە ئاسمانییەکانە، تەنانەت لەگەڵ چوونی شاندەکە بۆردوومانەکان زیاتر بوونە و، شەڕ لەسەرجەم بەرەکان سەختر بووە، هەمیشە وڵاتانی هێرشکار لەگەڵ چارەسەری سیاسی نین، هاوکات لەگەڵ ئەو بێدەنگییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".

شەقامی یەمەنی دابەشبوونە، هەندێک بە گەشبینییەوە دەڕواننە گەڕی گفتوگۆکانی سوێد لەگەڵ ئاماژەکردنیان بە کۆمەڵێک ئاماژەی ئەرێنی، هەندێکی دیکەش رەشبینن و پێیانوایە وەک گەڕەکانی رابردوو چارەنووسەکەی هەر شکستە. 

ئەحمەد دلێمی، هاووڵاتییەکی یەمەنی دەڵێت: "چارەسەری سیاسی هەیە، هەندێک ئاماژەمان بینیوە، گرنگترنیان گواستنەوەی بریندارەکانە بۆ عەممان بەمەبەستی چارەسەرکردن و واژۆکردنی دۆسیەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان و گەرەنتی گواستنەوەی شاند لە رێگەی ئامادەبوونی باڵیۆزی کوەیتەوە و هاتنی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمانە هەمووی ئاماژەی ئەرێنین و داوای زیاتریش دەکەین".

ئیبتیسام متوەکەل، چالاکوانێکی یەمەنی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا ئەوە بابەتە، بێنە و بەردەیە، ئاشتی بەپەلە و راستەقینە هیوامانە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە تەنیا خەونە و دوورە لە کارتی دانوستاندنکارەکانەوە".

چاودێران جەخت لەوەدەکەنەوە لە 4 ساڵی جەنگدا گۆڕانکاریی زۆر روویانداوە، لە گۆڕینی هاوپەیمانیەتی نێوخۆیی و دەرەکی، کە ئەمەش قەیرانەکەی سەختتر و ئاڵوزترکردووە لەڕووی مرۆییەوە، هیوادارن ئەو دانوستاندنانە کرانەوەیەک بێنێتە ئاراوە، تەنانەت ئەگەر لەڕووی مرۆییشەوە بێت.

هەموو ئەوانەی لە سوێد ئامادەن و ئەو خەڵکانەش کە لەناوخۆی یەمەنن، بەهیوای موژدەی ئاشتین، بەڵام ئایا لایەنە ناکۆکەکان دەگەنە ئاشتی؟ یاخود ئەو گەڕەش لە ئەوانی پێش خۆی جیاوازتر نابێت؟.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە