حیزبوڵڵا: بە مەرجی راگرتنی هێرشەکان گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەست دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رەتیدەکاتەوە، بەبێ ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر گرووپەکە بووەستێنێت، گفتوگۆ لەسەر ئاگربەست بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2024، نەعیم قاسم، ئەمیداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "بەڕوونی پێتان دەڵێم، باوەڕمان وایە؛ تەنیا یەک شت دەتوانێت ئەو شەڕانگێزییە رابگرێت، ئەویش مەیدانی شەڕەکەیە."
نەعیم قاسم رەتیدەکاتەوە "کردەی سیاسی" بتوانێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، دەشڵێت، "کاتێک دووژمن بڕیار لەسەر وەستانی شەڕانگێزی بدات، رێگەیەک بۆ ئەو گفتوگۆیە دەبێت کە پێشتر روونمان کردووەتەوە؛ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەرێگەی دەوڵەتی لوبنان و نەبی بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانەوە دەبێت."
ئەمیداری گشتی حیزبوڵڵا پێشمەرجی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و دەڵێت، گفتوگۆکە ئەو کاتە دەستپێدەکات، "ئەگەر تەواوی سەروەریی لوبنان بپارێزرێت، بە هەموو بەشەکانییەوە."
گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، کاتێک حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش هێرشی زەوینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.
زیاتر لە مانگێکە ئیسرائیل هێرشی زەوینی بۆ سەر سنوورەکانی لوبنان دەستپێکردووە و دەڵێت، ئامانجیانە حیزبوڵڵا لەسەر سنوور دووربخەنەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئیسرائیل بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان لە باکووری ئیسرائیل.
هەفتەی رابردوو، دەستەی پەخشی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی 60 رۆژەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل کردووە، بەڵام پێشنیازەکە شکستیهێناوە.
بەگوێرەی پێشنیازەکە، دەبووایە حیزبوڵڵا لە سنووری باشووری لوبنان بکشێتەوە، هەردوولا هێرشەکانیان رابگرن و 10 هەزار سەربازی سوپای لوبنان بنێردرێنە سنوورەکە.
لە 23ـی ئەیلوولەوە، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی چڕتر کردوونەتەوە.
ئیسرائیل چەندین بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکە، لەنێویاندا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە و هاشم سەفییەدین، شوێنگرەوەی نەسروڵڵای کوشتووە.
حیزبوڵڵاش دەڵێت، تائێستا زیاتر لە 70 سەربازی ئیسرائیلی کوشتووە.