نەتەوە یەکگرتووەکان: رۆژانە بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە 420 منداڵ لە غەززە دەکوژرێن و بریندار دەبن

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژانە 420 منداڵى فەلەستینى لە کەرتی غەززە بەهۆى بۆردوومانى سوپاى ئیسرائیلەوە دەکوژرێن یان بریندار دەبن، ئەمەش بەگوێرەى ئامارى ئاژانسی ئۆنرواى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان.
 
ترس و دڵەراوکێ یەکێکى دیکەیە لە نەهامەتیى منداڵانى غەززە، بەتایبەت ئەوانەى ئاوارە بوون. مەروان یەکێکە لەو منداڵانە کە نەهامەتییەکانى لەنێو قوتابخانەیەک بۆ رووداو دەگێڕێتەوە، کە لەگەڵ خێزانەکەیدا دوای ئاوارەبوونیان تێیدا گیرساونەتەوە.
 
مەروان قەرا، ئاوارە دەڵێت، "ئێمەى منداڵ و منداڵە بچووکەکانى دیکەش لە بۆردوومانى ئیسرائیل دەترسین، ئێمە داواى ئاگربەست دەکەین و ئەوەمان دەوێت، لە قوتابخانەکان ناحەوێینەوە، نە نان هەیە نە ئاو، لێرە ئارام نین، بۆردوومان دەمانترسێنێت، نامانەوێت لە قوتابخانەدا بژین."
 
رێکخراوى تەندروستیى جیهانى لە راپۆرتێکیدا ئاماژەى بەوە داوە، منداڵانى غەززە کە نیوەى دانیشتووانى شارەکە پێکدەهێنن، شۆک بوون و زۆر کاریگەریى دەروونییان لەسەر دەرکەوتووە، ئەوەش بەهۆى ئەو جەنگە بەردەوامە و دەرهاویشتەکانییەوە.
 
مەها میسرى، ئاوارە ئاماژە بەوە دەکات، "کێشەى ئێمە لە قوتابخانەکە ئەوەیە کە خواردنى پێویستمان نییە، پێویستمان بە نانە و گەیشتن پێى چەند کاژێرێکى دەوێت، لە قوتابخانەکاندا لە بۆردوومانە چڕەکان دەترسین."
 
هودا قەرا، ئاوار باس لەوە دەکات، "زۆرمان چەشت بەدەست ئەم جەنگەوە و هێشتا لە نەهامەتیداین بەهۆى ترس و تۆقین، کێشەمان هەیە لەگەڵ برسێتى و بۆ دەستکەوتنى نان دەبێت چەند کاژێرێک بوەستیت تاوەکو کەمێکمان دەست دەکەوێت."
 
ئاژانسى ئۆنروا لە غەززە داوای کرد هێڵێکى هاوکاریى بەردەوام هەبێت تایبەت بە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ رێگرى لە روودانى کارەسات لەغەززە، بەتایبەت لەنێو ئەو منداڵانەى کە کێشەیان لەگەڵ خراپیى خۆراک و شۆکە تووندە دەروونییەکاندا هەیە.
 
بە گوتەى ئەوانەی کە ئاوارەى قوتابخانەکان بوون، منداڵەکانیان لە دڵەڕاوکێ و ترسدان و بەردەوامیى جەنگ واتە کارەساتى زیاتر بۆ خۆیان و منداڵەکانیان.