بەشێک لە فەلەستینییەکان لە باکووری کەرتی غەززەوە بەرەو باشوور کۆچ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە دانیشتووانی بەشی باکووری کەرتی غەززە لەترسی بۆردوومان و شەڕێكی قورس و چڕ هەڵدێن و بەرەو باشووری کەرتەکە کۆچ دەکەن.
 
پێکدادانەکان قەیرانی بەنزینی لە کەرتی غەززە دروستکردووە و گوێدرێژ و عەرەبانەکان شوێنی ئۆتۆمبێلەکانیان گرتووەتەوە.
 
محەممەد، ئاوارەی غەززە بە ئاماژەکردن بۆ ژنێک گوتی، "[ئەو ژنە] لە ناوچەی نەسرەوە هاتووە لەژێر داروپەردووی ماڵە رووخاوەکەی دەرمانهێنا، ئێستاش لە باکوورەوە بەرەو باشوور دەڕوات، توانای قسەکردنیشی نییە."
 
زیاتر لە هەفتەیەکە سەربازانی ئیسرائیل چوونەتە نێو بەشی باکووری کەرتی غەززەوە؛ سەربازانی ئیسرائیل بە چەپ و راستدا ترسی هێرشی لەناکاوی چەکدارانی حەماسیان هەیە.
 
بە رۆژ فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانەوە کاخەزی ئاگادارکردنەوە بۆ خەڵک فڕێدەدەن و داوای چوون بەرەو باشووری کەرتی غەززەیان لێدەکەن؛ بەڵام بە بەهێزترین بۆمب، ماڵ و باڵەخانەکان دەکر‌ێنە ئامانج و تەختی زەوی دەکرێن.
 
عومەر، ئاوارەی غەززە ئاماژە بەوە دەکات، "سەرەتا چووینە ناوچەی فەخوورە لە باکووری بەیت لاهییە، لەوێ بۆردوومانیان کردین، کاخەزی ئاگادارکردنەوەیان بۆ فڕێداین، بەڵام بۆردوومانەکانیشیان بەردەوام بوون؛ هەرچۆنێک بێت هەڵاتین و ئێستا هاتووین و لە باکوورەوە بەرەو باشوور دەڕۆین."
 
لە ملیۆنێک و 200 هەزار دانیشتووی باکووری غەززە، ئێستا کەمتر لە 700 هەزاریان ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 450 شوێنی تایبەت بە حەماسیان لە دەوروبەری شاری غەززە وێران کردووە. دەشڵێت، ئەگەر خەڵکی سڤیل نەبێت، ئەوا بە کەمتر لە 48 کاژێر دەچنە نێو شاری غەززە.
 
ئەوەش لە کاتێكدایە، قوربانییانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە 10 هەزاری تێپەڕاندووە و نزیکەی نیوەیان ژن و منداڵن.