وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەمریکا پێیگوتووین کە کار بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، واشنتن لەبارەی شەڕی غەززەوە پەیامی بۆ تاران ناردووە و لە پەیامەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کار بۆ راگەیاندنی ئاگربەست دەکەن.
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، ئەمریکا لەبارەی شەری غەززە پەیامی بۆ تاران ناردووە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە تاران ئاماژەی بەو پەیامەی ئەمریکا کردووە و رایگەیاندووە، "ئەمریکا لە سێ رۆژی رابردوودا لە لایەکەوە پەیامیان ناردووە بۆ ئێمە کە کار بۆ ئاگربەست دەکەن و بۆ ئەم مەبەستە هەندێک رێوشوێنمان گرتووەتەبەر، بەڵام ئەوان لە پراکتیکدا پشتگیری لەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدە دەکەن کە لە غەززە هەیە."
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی، "هیوادارم ئەمریکا بە زووترین کات سیاسەتی بگۆڕێت و پشتیوانی لە لایەنی داگیرکەر نەکات."
 
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوی ئێران لە کاتێکدایە کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممە بە سەردانێک گەیشتە ئێران و لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووتەوە.
 
میدیاى فەرمیى عێراق لە زارى هیشام روکابی، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە بڵاویکردەوە، "گەشتەکەى سوودانى لە ناوچەکە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى عێراقدایە بۆ راگرتنى ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین."
 
شەوی یەکشەممە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنتۆنی بلینکن لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "گفتوگۆیەکى ئەرێنى و راشکاوانە"ى لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، بلینکن سوپاسی پابەندیی ئیدارەکەی سوودانی کرد لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و گوتی: "من زۆر بە روونی گوتم ئەو هەڕەشە و هێرشانەی لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە دەکرێن، بەهیچ شێوەیەک قبووڵناکرێت. ئێمە هەموو هەنگاوێکی گرنگ دەنێین بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان. ئێمە بەدوای کێشەوە نین لەگەڵ ئێران. ئێمە زۆر روون بووین لەو بابەتە و هەرکارێک دەکەین کە پێویستبێت بۆ پاراستنی کارمەند و سەربازەکانمان، سەرۆکوەزیرانیش لەو پەیامە زۆر روونبوو." 
 
لەبارەی شەڕی غەززەوە، بلینکن رایگەیاند، "ئێمە بەسەختیی کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کێشەکانی نێو غەززە تەشەنە نەسێنن و بە شوێنی دیکەدا بڵاونەبنەوە، چ لێرەبێت یان هەر شوێنێکی ئەم ناوچەیە. ئەمە کارێکی زۆر گرنگ و هەرە لەپێشە بۆ دیپلۆماسییەتی ئەمریکی، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە بە درێژایی ئەم گەشتە سەرقاڵی بووین."