ئاوارەکانی غەززە توانای کڕینی پێڵاویان نەماوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەردەوامیی شەڕ و ئاوارەیی، بارگرانیی سەر شانی خەڵکی غەززەی زیاتر کردووە؛ لەنێویاندا کێشەی دڕانی پێڵاو و دەستنەکەوتنی.
 
گرفتی پێڵاوی دڕاو یان پێخاوسی بەشێكی بەرچاوی غەززەییەکانی گیرۆدە کردووە وەک ئیسلام ناتوور، منداڵ و خوشکەزاکانی. ئەوان ناچارن و، ژیان و گوزەران و یاریکردنیان بە پێی پەتی بێت.
 
ئیسلام ناتوور، ئاوارەی غەززە دەڵێ "ئێمە کێشەی نەبوونی پێڵاومان هەیە لە کەرتی غەززە. لە خێوەتێكدا دەژین کە 15 منداڵی تێدایە، کاتێك داوایان لێ دەکەین بڕۆن خواردن بهێنن یان شتێك بکڕن، شەڕ دەکەن و رەتیدەکەنەوە بڕۆن، چونکە پێڵاویان نییە. هاوینان پێیان دەسووتێت و ناتوانن. هەموومان ئەو کێشەیەمان هەیە و منداڵانمان بێ پۆشاک و پێڵاون." 
 
فاتیمە کە حەوت جار ناچار بووە ئاوارە بێت، لە نەهامەتیدا دەژیت؛ نەوەکانی بێ پێڵاون؛ لە ئێستاوە نیگەرانی هاتنی وەرزی زستانە کە هەوا سارد دەبێت و ئەویش جلوبەرگی پێویست بۆ خۆی و نەوەکانی نییە. 
 
فاتیمە بە رووداوی گوت "کێشەی بێ پێڵاویمان هەیە، ئێمە و منداڵەکانمان پێڵاوی پێویستمان نییە. گەورەکانمان لە روویان نایەت بە پێخاوسی بچەنە دەرەوە، کاتێك داوای شتێكیان لێ دەکەین، دەڵێن پێڵاومان نییە بڕۆین، خۆشم کە ناچار بم بچمە دەرەوە، لای یەکێک لە دراوسێ یان خزمەکانم پێڵاو بە قەرز دەهێنم." 
 
زۆربەی غەززەییەکان توانای کڕینی پێڵاویان نەماوە و هێندە پێڵاویش لە بازاڕ نەماوە، کە بە تواناکانیش بیکڕن، ئەوە سەرباری قەیرانی خۆراک و هەرچی پێداوێستیی سەرەکیی ژیان و گوزەرانە.
 
بەردەوامیی شەڕ، نەهامەتیی غەززەییەکانی زیاتر کردووە و ژیانی خەڵکی تاڵتر و قورستر کردووە، نەمانی پێڵاو بەشێكی دیاری نەهامەتی غەززەییەکانە، کە هێشتا هیوای وەستاندنی شەڕ و کۆتاییهاتنی نەهامەتییەکانیان هەیە.