ئەبو عوبەیدە: جەنگی درێژخایەن لە دژی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە یەکەم ساڵیادی جەنگی غەززە، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، دوای ماوەیەکی زۆر لە دەرنەکەوتن، پەیامێکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. ئەبو عوبەیدە بەڵێنیدا "جەنگی درێژخایەن" لە دژی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت و داوایکرد: "گەورەترین هێرشی ئەلیکترۆنی بکرێتە سەر دووژمن."
 
رۆژی دووشەممە، 7-10-2024، ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام کە باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسە، دووبارە بە دەموچاو داپۆشراوی دەرکەوتەوە و گوتی: "ئێمە جەنگی درێژخایەنی پڕووکاندن هەڵدەبژێرین، جەنگێک کە بە ئازار و باجێکی قورس دەبێت بۆ دووژمن."
 
گوتەبێژەکە ئەوەشی گوت: "ئەوانەی ئێستا لە غەززە بارمتەن، بە کاتێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕن. دۆخی تەندروستی و دەروونیی بارمتەکان زۆر خراپە."
 
ئەبو عوبەیدە لە پەیامە ڤیدیۆییەکە دا گوتی: "لە غەززەوە قسەتان بۆ دەکەین، ئەو شوێنەی کە داگیرکەران ناتوانێت بێتە ناوی. ساڵێک بەسەر پیشەییترین ئۆپەراسیۆنی کۆماندۆی مێژوو تێپەڕ دەبێت، کە تێیدا دووژمنمان هەژاند و رەوشی ناوچەکەمان گۆڕی."
 
گوتەبێژی باڵی سەربازیی حەماس دڵنیایی خۆی لە تواناکانی حیزبوڵڵای لوبنان دەربڕی و گوتی: "بە براکانمان لە حیزبوڵڵا دەڵێین، ئێمە متمانەمان بە هێزی ئێوە هەیە بۆ ئەوەی زیانی گەورە لە دووژمن بدەن."
 
ئەبو عوبەیدە داوایکرد هەڵمەتێکی گەورەی عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریکردن لە گەلی فەلەستین دەستپێبکات، "ئایا ئێوە چاوەڕێی هەواڵی خاپووربوونی مزگەوتی ئەقسان؟ ئەی موسڵمانان، هەمووان ئەرکێکتان لەسەر شانە."
 
گوتەبێژەکە هەروەها داوایکرد، "گەورەترین هێرشی ئەلیکترۆنی بکرێتە سەر دووژمن."
 
قسەکانی ئەبو عوبەیدە بەبۆنەی یەکەم ساڵیادی هەڵگیرسانی جەنگی غەززە بوو، کە تێیدا ئیسرائیل خوێناویترین هێرشی کردە سەر کەرتەکە؛ ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی 1,200 کەسیان کوشت و 251 کەسیان بە بارمتە برد. 
 
حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، هێشتا 97 بارمتەیان لەلا ماوە و ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستداوە. لە کەرتی غەززەش لانیکەم 41 هەزار و 800 کەس کوژراون.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تێپەڕینی ساڵێک بەسەر جەنگی غەززە

ساڵێک بەسەر جەنگی غەززە تێدەپەڕێت؛ ئیسرائیل دەڵێ 60٪ـی چەکدارانی حەماسیان کوشتووە

چەکدارانی حەماس 7-10-2023 هێرشیان کردە سەر سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان کەرتی غەززە و باشووری ئیسرائیل، دوای ساڵێکیش لە جەنگی ئیسرائیل و حەماس، ئیسرائیل دەڵێ 60٪ـی چەکدارانی گرووپەکەی کوشتووە.