ئەردۆغان داوا لە فەلەستین و ئیسرائیل دەکات 'بە دانایی رەفتار بکەن'
سەرۆککۆماری تورکیا داوا لە فەلەستین و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەڵکشانی زیاتری شەڕ دووربگرن.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "بانگهێشتی هەموو لایەنەکان دەکەین، بە دانایی رەفتار بکەن و خۆیان لەو هەنگاوانە بەدوور بگرن کە دەبنە هۆی زیاتر هەڵکشانی گرژییەکان."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزوتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە بەهۆی گرژییەکەوە، "لانیکەم 22 کەس کوژراون."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر هێرشەکان، هەڕەشە لە بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی دەکات و دەڵێت، ئەو بزووتنەوە چەکدارییە "باجێک دەدات تاوەکو ئێستا نەیدابێت. ئێمە لە جەنگداین و لە سەرکەوتووش دەبین."
دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی چەند شوێنێکی غەزە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
لەسەر بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکان، ریچارد هێخت، گوتەبێژی فەرمیی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە چەند ناوچەیەکی سنووری نێوان کەرتی غەزە و ئیسرائیل شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی سوپای وڵاتەکەی و چەکدارانی حەماس هەڵگیرساوە.