تەندروستیی ئیسرائیل: لانیکەم 22 کەس بەهۆی هێرشی حەماس کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی تەندروستیی فریاکەوتنی ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم 22 کەس بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە گیانیان لەدەستداوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، مێگن دەیڤید ئادۆم کە ناوەندی تەندروستیی فریاکەوتنی ئیسرائیلە، رایگەیاند، لە بەیانییەوە لانیکەم 22 کەس بەهۆی هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسەوە لە ئیسرائیل کوژراون.
لای خۆیەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاند، لانیکەم 545 کەس بەهۆی هێرشەکەوە برینداربوون. ناوەندە تەندروستییەکەش گوتی کە سەروو 70 کەس لەوانە "بە سەختی" برینداربوون و چاوەوان دەکەن ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزبێتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمڕۆ کاژێر6:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی غەزە [هەمان کاتی هەولێر] بزوتنەوەی حەماس بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتەش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ژمارەیەک چەکدار لە کەرتی غەزەوە دزەیان کردووەتە نێو خاکی ئیسرائیل، دوای ئەوەی دەیان مووشەک لەوێوە ئاراستەیان کراون.
یۆڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەم بەیانییە حەماس هەڵەیەکی گەورەی کرد و جەنگی لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل راگەیاند، لە هەموو شوێنێکەوە شەڕ لە دژی دوژمن دەکەین."
حەماس لە راگەیێندراوێکدا داوای لە چەکدارەکانی لە کەرتی رۆژئاوا و "وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی" کرد لە شەڕەکەدا هاوکارییان بکەن.
لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی گرژییەکانەوە پەیامێکی ئاراستەی ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان کرد و گوتی، "بانگهێشتی هەموو لایەنەکان دەکەین، بە دانایی رەفتار بکەن و خۆیان لەو هەنگاوانە بەدوور بگرن کە دەبنە هۆی زیاتر هەڵکشانی گرژییەکان."