هۆشدارییەک لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە: لە غەززە دووربکەونەوە، دەیکەینە وێرانە

رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا دەڵێت، "غەززە دەکەینە دوورگەیەکی وێران و پێویستە فەلەستینییەکان چۆڵی بکەن."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمشەو (شەممە، 7-10-2023) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دانیپێدانا کە "ئەمە رۆژێکی رەشە بۆ ئیسرائیلییەکان و لە مێژووی ئیسرائیلدا رووینەداوە،" گوتیشی "حەماس دەیەوێت بمانکوژێت.. ئیسرائیل لەم جەنگەدا سەردەکەوێت، بەڵام باجەکەی قورس دەبێت."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها گوتی، "حەماس بەرپرسە لە سەلامەتیی دیلە ئیسرائیلییەکان،" کە بە گوتەی میدیای ئیسرائیلی، تاوەکو ئێستا ژمارەیان 35 کەسە. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە لەوەی ئێستا هێزەکانیان "دوایین ئۆردووگاکان کۆنترۆڵدەکەنەوە کە چەکدارەکان دزەیانکردووەتە نێویان،" بەڵام نەیشاردەوە کە "ئەم جەنگە درێژە دەکێشێت و هێشتا رۆژی ناخۆشمان لە پێشە."
 
هەروەها هەڕەشەشی کرد  و گوتی، "لە هەموو شوێنێک بە هێزەوە لە حەماس دەدەین."  
 
میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلی گەیشتووەتە 250 کەس، هەزار و 500ـی دیکەش برینداربوون، کە 290ـیان لە دۆخێکی مەترسیداردان. تەندروستیی غەززەش رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 232 کەس و هەزار و 700ـی دیکەش بریندار بوون.
 
کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی (حەماس)، بەیانیی ئەمڕۆ دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کرد، هەزاران مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و چەکدارەکانی دزەیان کردە نێو ئۆردووگا جوونشینەکان. 
 
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردنە سەر ناوچە جیاجیاکانی. 
 
محەممەد زەیف، فەرماندەی گشتیی کەتائیبی قەسام رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسایان" دژی ئیسرائیل دەستپێکردووە. زەیف لە تۆمارێکی دەنگیدا رایگەیاند، لە گورزی یەکەمدا، زیاتر لە 5 هەزار مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. 
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، عەبدوللەتیف قانوع، یەکێک لە گوتەبێژەکانی حەماس، بە تەلەفۆن بە رووداوی گوت، هەزار "موجاهید"یان چوونەتە نێو خاکی ئیسرائیل. 
 
هێزەکانی سەر بە حەماس لە بەیانیی رۆژی شەممەوە بەردەوامبوون لە وەشاندنی گورزی مووشەک بە ئاراستەی ئیسرائیل و لە تەلئەڤیڤ، قودس (ئۆرشەلیم) و عەسقەلان زەنگی هۆشداری لێدرا. 
 
هاوکات گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، گومبەزی ئاسنینیان چالاککردووە و دواتر سوپا "ئامادەباشیی بۆ جەنگ دوای دزەکردنی فەلەستینییەکان بۆ نێوجەرگەی ئیسرائیل، راگەیاند."
 
میدیای ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئەو وڵاتە بە ناونیشانی "شمشێری پۆڵایین" ئۆپەراسیۆنی لە دژی کەرتی غەززە دەستپێکردووە.