سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: هەڵوێستی جێگیرمان لەبارەی دۆزی فەلەستین دووبارە دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، دەڵێت، پشتیوانی تەواوی فەلەستینیەکان دەکەن لە بەدەستهێنانی مافەکانیان، دوژمنکارییە دڕندەکان دژی ئەو وڵاتە سەرکۆنە دەکەن. 
 
رۆژی شەممە، 07-10-2023، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لەبارەی جەنگی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت لە پێناو دەستەبەر کردنی مافە رەواکانی گەلی فەلەستین.
 
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق راشیگەیاندووە، "دوژمنکارییە دڕندەکانی دژی فەلەستین سەرکۆنە دەکەین، پشتیوانی تەواوی ئەو وڵاتە دەکەین لە پێناو مافەکانی."
 
لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق هەڵوێستی جێگیری خۆیان لەبارەی دۆزی فەلەستین دووبارە دەکاتەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.  
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر هێرشەکان، هەڕەشە لە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەکات و دەڵێت، ئەو بزووتنەوە چەکدارییە "باجێک دەدات تاوەکو ئێستا نەیدابێت. ئێمە لە جەنگداین و سەرکەوتووش دەبین." 
 
هاوکات، لەسەر بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکان، ریچارد هێخت، گوتەبێژی فەرمیی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "لە چەند ناوچەیەکی سنووری نێوان کەرتی غەززە و ئیسرائیل شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی سوپای وڵاتەکەی و چەکدارانی حەماس هەڵگیرساوە".