ئەمڕۆ چی لەنێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل روویدا؟

07-10-2023
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن فەلەستین ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کاژێر 6:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە 7-10-2023) بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی هەزاران مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و دەیان چەکداریشی ناردە شارۆچکەکانی ئیسرائیل نزیک لە سنووری غەززە. 

زانیارییەکان لەبارەی مووشەکەکان جیاوازن
 
بزووتنەوەی حەماس بڵاویکردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکەدا و لە ماوەی تەنیا 20 خولەک، 5 هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، بەڵام گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل گوتی، ژمارەکە راست نییە و حەماس 2500 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.

 

گەیشتنی دەیان چەکداری بزووتنەوەی حەماسیش بۆ نێو ئیسرائیل بابەتێک بوو ئەمڕۆ هەڵوەستەی لەسەر کرا. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس لە هێرشەکەیدا سوودی لە پەڕەشووت و بەلەم وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە چەکدارەکان دزەبکەنە نێو ئیسرائیلەوە. 
 
هەڵگیرسانی شەڕ و کوشتنی دەیان کەس 
 
هەر زوو سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی پێگەکانی حەماس لە کەرتی غەززە کرد. دوای تێپەڕینی چەندین کاژێر بەسەر دەستپێکردنی هێرشەکەدا، هێشتا شەڕ لەنێوان چەکدارانی حەماس و سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە کۆمەڵگەکانی نزیک کەرتی غەززە بەردەوام بوو. 
 
ژمارەیەکی زۆر کەس لە ئەنجامی بۆردوومان، تۆپباران و شەڕی نێوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل کوژراون و بریندار بوون. 

 

خزمەتگوزاری رزگارکردنی نیشتمانیی ئیسرائیل دەڵێت، نزیکەی 70 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش بریندار بوون، میدیای سوپای ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە زیاتر لە 100 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە 1000ـی دیکەش بریندار بوون. بەو جۆرەش ئەوەی ئەمڕۆ روویدا خوێناویترین هێرش بووە لە ئیسرائیلدا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا. لە هەمان کاتدا، ژمارەیەک سەرباز و هاووڵاتیی ئیسرائیلی دەستگیرکران و برانە کەرتی غەززە. 

 

 
بە گوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززەش، لانیکەم 198 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون و 1610 کەسی دیکەش بریندار بوون. 

 

شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکە لە لایەن بزووتنەوەی حەماسەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئیسرائیلییەکانی تووشی شۆک کرد. تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەنجامدانی هێرشەکە، چەکدارانی حەماس وێنەی ژمارەیەک سەرباز و هاووڵاتی ئیسرائیلی؛ هەروەها ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئیسرائیلیان بڵاوکردەوە و لەنێو شەقامەکانی شارەکانی کەرتی غەززەدا پیشانیان دان. 
 
هەڕەشەکردن لە یەکدی 
 
هێرشەکە ئەو مەترسیەی دروستکردووە کە شەڕێکی گەورەی چەند هەفتە و تەنانەت مانگیش لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا هەڵبگیرسێت. ئەو قسەیەی کە بەرەبەیانی رۆژی شەممەش سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، رەنگدانەوەی ئەو مەترسییە بوو.

 

بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی شەممە هەر زوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، "ئێمە لە شەڕداین. ئەوەی روویدا ئۆپەراسیۆنێک نەبوو، بەڵکو هەڵگیرسانی شەڕە". 
 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "دوژمن باجێکی وەها دەدات کە هەرگیز شتی وەهای نەدیبێت". 

 

یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، حەماس بەو هێرشەی هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، "دەوڵەتی ئیسرائیل ئەم شەڕە دەباتەوە". 

 
بزووتنەوەی حەماسیش رایگەیاند، ئەوەی کردوویەتی کاردانەوە بووە لە بەرامبەر ئەوەی ئیسرائیل دەیکات. 
 
محەممەد زەیف، فەرماندەی کەتائیبی عیزەدین قەسامی باڵی چەکداری بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە حکومەتی ئیسرائیل خەریکی گەمارۆدانی کەرتی غەززەیە؛ هەڵمەتی کوشتن و دەستگیرکردنی خەڵک لە شارەکانی کەرتی رۆژئاوا ئەنجام دەدات؛ تووندوتیژی لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس/ ئورشەلیم دەکات؛ کۆمەڵگە جوونشینەکان بەرفراوان دەکات و هێرش دەکاتە سەر فەلەستینییەکان. 
 
محەممەد زەیف گوتی، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا کاردانەوە بوو بەرامبەر ئەو کارانەی حکومەتی ئیسرائیل و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئەمڕۆ تەنیا سەرەتایە. 
 
دابەشبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی 
 
هێرشەکە، هاوشێوەی شەڕی رابردووی نێوان ئەو دوو لایەنە، کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوادا هات. 

 

ئەدریان واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەکات و ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ حکومەت و خەڵکی ئیسرائیل دەبین". 
 
واتسن ئاماژەی بەوەشکرد، جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەگەڵ هاوشانە ئیسرائیلییەکەی قسەی کردووە. 

 

 
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لە چەکدارانی کەرتی غەززە و حکومەتی ئیسرائیل کرد دۆخەکە هێور بکەنەوە. 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بەرازیلییە بەهۆی ئەوەی ئێستا ئەنجوومەنەکە لە لایەن بەرازیلەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، زوو داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنەکە دەکات بۆ ئەوەی لەبارەی رەوشەکە قسە بکرێت. 
فەرەنسا، ئەڵمانیا و ناتۆش سەرکۆنەی هێرشەکەی حەماسیان کرد.
 
سعودیە، کە ئێستا لە دانوستاندندایە بەمەبەستی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، لە رێگەی راگەیێندراوێکەوە داوای لە بزووتنەوەی حەماس و حکومەتی ئیسرائیل کرد دان بە خۆیاندا بگرن. 
 
سعودیە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی رابردوویشدا چەندین جار هۆشداری داوە "لە تەقینەوەی دۆخەکە، ئەوەش وەک ئەنجامی داگیرکاریی بەردەوام و بێبەشکردنی خەڵکی فەلەستین لە مافە رەواکانی خۆی". 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش داوای لە حەماس و ئیسرائیل کرد دۆخەکە هێور بکەنەوە. 

 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، هێرشەکانی حەماس ئەوە دەردەخەن کە فەلەستینییەکان متمانەیەکی زۆریان بە خۆیان بەرامبەر ئیسرائیلییەکان هەیە. 
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، "لەم ئۆپەراسیۆنەدا شتی سەرسامکەر و رێگەی دیکە بەکارهاتن و ئەوەش باوەڕبەخۆبوونی فەلەستینییەکان لە بەرامبەر داگیرکاران پیشان دەدات". 
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای عێراقیش رایگەیاند، "بە شانازی و پێزانینەوە چاودێریی هێرشی ئازایانە و پلانی سەرکەوتووی هێزەکانی قەسام و برایانی موجاهید لە گرووپە چەکدارە موجاهیدەکانی دیکە دژی داگیرکاری زایۆنی دەکەین."
 
نووری مالیکی گوتی، ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دەرەوەی توانا و بیرکردنەوەی "هێزەکانی داگیرکار و  حکومەت و دوژمن بوو، لە رێگەی ئاراستەکردنی هەزاران مووشەک و دزەکردنی ژمارەیەک موجاهیدی فەلەستینی بۆ نێو قووڵایی قەوارە و کۆنترۆڵکردنی بنکەیەکی سوپای داگیرکار و بەدیلگرتنی ژمارەیەک سەربازی زایۆنی."
 
گوتەبێژی حەماس بۆ رووداو: لە شەڕێکی کراوەداین لەگەڵ ئیسرائیل

 

گوتەبێژی حەماس بە رووداوی راگەیاند هێرشەکەی ئەمڕۆ کردیانە سەر ئیسرائیل، نزیکەی 1000 "موجاهید" بەشدارییان تێدا کردووە و هێرشەکە بۆ ئیسرائیل چاوەڕوانکراو نەبوو. 
 
عەبدوللـەتیف قانوع، گوتەبێژی حەماس لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ بزووتنەوەی حەماس کردیە سەر ئیسرائیل قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند "ئەو هێرشانە لە بەرامبەر هێرش و رەفتارە دڕندانەکانی ئیسرائیل بوون؛ جەختیشی کردەوە لەوەی "لە شەڕێکی کراوەداین لەگەڵ ئیسرائیل.'

 

 
سەبارەت بە بەردەوامیی شەڕەکە قانوع جەختی کردەوە لەوەی "هێشتا شەڕ و بۆردوومان بەردەوامە.' گوتیشی 'دەمانەوێت ئاستێک بۆ حکومەتی راستڕەوی ئیسرائیل دابنێین.. دەبێت ئیسرائیل بزانێت بەرەنگاربوونەوە بەردەوامە.'

  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە