گوتەبێژی حەماس بۆ رووداو: هێرشەکەمان کاردانەوەی هێرشی ئیسرائیلییەکان بوو بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رایگەیاند، لە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل، دەیان ئیسرائیلی کوژراون و سەدان کەسی دیکە برینداربوون و ژمارەیەکیش دەستگیرکراون.
 
عەبدولـلەتیف قانوع، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماسی ئیسرائیلی ئەمڕۆ (شەممە، 07-10-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ کەتیبەکانی قەسام هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلی لە غەززە، گوتیشی "لە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل، دەیان ئیسرائیلی کوژران و سەدان کەسی دیکە برینداربوون و ژمارەیەکیش دەستگیرکران."
 
قانوع گوتی "ئەو هێرشە کاردانەوە بوو بەرامبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا، حکومەتی راستڕۆی ئیسرائیل لە پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە گەلی فەلەستینی و گەمارۆدانی کەرتی غەززە بەردەوامە' و، ئەوان بەو هێرشانە بەرپەرچی ئەو حکومەتەیان داوەتەوە و ئیسرائیل بەرپرسیارە و زیانێکی زۆریشی بەرکەوتووە.
 
لەبارەی قوربانییانی هەردوولا لە شەڕەکەی ئەمڕۆدا، عەبدولـلەتیف قانوع، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بە رووداوی گوت "ژمارەی دروستی قوربانییان بەردەست نییە، هەروەها ژمارەی مووشەکە ئاراستەکراوەکانی ئیسرائیلیش زۆرن و بەردەوامن".
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ بە گوتەی خۆیان نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس، سوپای ئیسرائیلیش دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانکردنی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.  
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر هێرشەکان، هەڕەشە لە بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی دەکات و دەڵێت، ئەو بزووتنەوە چەکدارییە "باجێک دەدات تاوەکو ئێستا نەیدابێت. ئێمە لە جەنگداین و سەرکەوتووش دەبین." 
 
هاوکات، لەسەر بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، ریچارد هێخت، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە چەند ناوچەیەکی سنووریی نێوان کەرتی غەززە و ئیسرائیل شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی سوپای وڵاتەکەی و چەکدارانی حەماس هەڵگیرساوە.