ئەمریکا بە بەهای سێ ملیار دۆلار مووشەک بە کوێت دەفرۆشێت
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی بایدن بە بەهای سێ ملیار دۆلار مووشەکی مەودامامناوەندی "پێشکەوتوو" بە کوێت دەفرۆشێت، بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت، وڵاتەکەی کەنداو بەرگری لەخۆی بکات.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2022 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆنگرێسی لە مامەڵەکە ئاگادارکردەوە. پاکێجەکە لە 63 مووشەکی مەودا مامناوەندی ئاسمان بە ئاسمان، 63 مووشەکی مەودا درێژی ئاسمان بە ئاسمان و 63 مووشەکی تاکتیکیی سنووردار لەگەڵ کەلوپەلی دیکەی وەکو رادار و سیستمی پەیوەندیی تایبەتی سەربازی پێکدێت.
ئیدارەی بایدن دەڵێت، فرۆشتنەکە خزمەت بە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات و توانای بەرگریی کوێتیش بەهێزدەکات.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "مامەڵەکە توانای کوێت بەرەوپێشەوە دەبات بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەڕەشەی ئێستا و داهاتوو ببێتەوە." ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، لەرێگەی بەهێزکردنی توانای بەرگریکردن لەخۆ لە دژی "لایەنە خراپکارەکان"ـی ناوچەکە و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو سیستمانەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی کەنداوەوە بەکاردەهێندرێن.
وەزارەتەکە دەشڵێت، بۆ پاراستنی ژێرخانی وزەی خۆی، کوێت میوانداریی چوار هەزار سەرباز و کرێکاری سڤیلی ئەمریکی دەکات. هاوکات، باس لەوەش دەکات کە کڕینی ئەم مووشەکانە، "نابێتە هۆی گۆڕینی باڵانسی سەربازی" لە ناوچەکەدا.