یەحیا سینوار؛ لە تونێلەکانی غەززەوە بۆ کەسی یەکەمی حەماس
رووداو دیجیتاڵ
دوای هەفتەیەک لە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئەو بزووتنەوە چەکدارە سەرۆکێکی نوێی هەڵبژارد. یەحیا سینوار، کە بە پیاوی تونێلەکان ناسراوە، بە شوێنگرەوەی هەنییە دانرا.
سێشەممە، 06-08-2024، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، یەحیا سینوار لە شوێنی ئیسماعیل هەنییە وەکو سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس دیاریکراوە.
یەحیا ئیبراهیم حەسەن سینوار، یەکێکە لە کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی بزووتنەوەی حەماس، پێشتر جێگری ئیسماعیل هەنییە بووە و تاوەکو ئێستاش لە کەرتی غەززە ماوەتەوە.
داواکراوێک بە زیندوویی یان مردوویی
یەحیا سینوار، یەکێکە لە سەرکردە سەربازییە تووندەکانی بزووتنەوەی حەماس، ئەو بە ئەندازیاری توونێلەکانی حەماس دادەنرێت و لەبەرئەوەش ناسناوی "پیاوی توونێلەکان"ی پێدراوە. هەروەها ئیسرائیل بەوە تۆمەتباری کردووە کە پلانداڕێژەری یەکەمی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری دادەنێت کە تێیدا هەزار و 189 ئیسرائیلی کوژران و زیاتر لە 200یش بە بارمتە گیران.
سینوار، بە پیاوێکی تووند ناسراوە، تەنانەت لەگەڵ بەرپرسانی سەرووی خۆشییەوە تووند بووە و زۆر جار ملکەچی فەرمانەکان نەبووە، بۆیە بەشێکی ئیسرائیلییەکان بە سەرۆکی غەززە ناساندوویانە.
لەنێو داواکراوانی ئیسرائیل دا، یەحیا سینوار داواکراوە چ بە زیندوویی بێت یان بە مردوویی.
"قەسابی خان یونس"
رۆژی 12-02-2024، ئیسرائیل ڤیدیۆی یەکێک لە توونێلەکانی حەماسی بڵاوکردەوە کە تێیدا ژن و منداڵیش دەردەکەون. لە ڤیدیۆکەدا پیاوێک دەردەکەوێت کە بە گوتەی ئەوان یەحیا سنوارە و مێژووی ڤیدیۆکە بۆ 10-10-2023 دەگەڕێتەوە.
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، ڤیدیۆکە تەنیا سێ رۆژ لەدوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل تۆمارکراوە.
هەمان رۆژ دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیمان، ڤیدیۆیەکمان دۆزییەوە کە تێیدا بکوژ و سەرکردەی حەماس یەحیا سینوار پێشان دەدات لەگەڵ منداڵەکانی و یەکێک لە هاوژینەکانی هەڵدێت".
لە سەرەتای هێرشەکانی بۆ سەر غەززە، ئیسرائیل نەیشاردووەتەوە کە کوشتنی یان دەستگیرکردنی سینوار، یەکێکە لە ئامانجەکانیان. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سینوار بە "قەسابی خان یونس" ناو دەبات.
سینوار و لیستی رەشی ئەمریکا
یەحیا سینوار، یەکێکە لە داواکراوەکان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە ساڵی 2015وە لە لیستی رەشی ئەو وڵاتەدا ناوی هەیە و بە "تیرۆریست" هەژمار کراوە.
شەوی رابردوو، 06-08-2024، ئەنتۆنی بلینکن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئوسترالیا یەکەم لێدوانی لەبارەی سەرۆکە نوێیەکەی بزووتنەوەی حەماس دا.
بلینکن گوتی، بڕیار لای سینوارە ئەگەر بیەوێت ئاگربەستی غەززە سەربخات کە لە بەرژەوەندیی زۆرینەی فەڵەستینییەکانە و لە دۆخێکی سەختدان.
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان: سینوار و نەتەنیاهوو تاوانبارن
رۆژی 20-05-2024، داواکارێکی گشتی لە دادگەی نێودەڵەتیی تاوان رایگەیاند، "لەسەر بنەمایەکی بڕواپێکراو و ئەو بەڵگەنامانەی کۆکراونەتەوە و لەلایەن نووسینگەکەمەوە لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە؛ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری یۆئاڤ گاڵانت بەرپرسیارن لەو تاوانانەی لەنێو خاکی دەوڵەتی فەلەستین کراون".
کەریم خان گوتی، "سێ سەرکردەی باڵای حەماس؛ یەحیا سینوار، محەممەد زێف و ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسن لەو تاوانانەی لەنێو خاکی ئیسرائیل دژی مرۆڤایەتی کرا، وەکو تاوانی جەنگیش هەژمار دەکرێت".
کەریم خان داوای کرد، بە تۆمەتی "برسیکردن، کوشتنی بە ئەنقەست و کۆمەڵکوژی" فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیانە دەربکرێت.
داواکاری گشتیی رایگەیاند، سەرکردەکانی حەماس تۆمەتبارن بە "کۆمەڵکوژی، کوشتن، بە بارمتەگرتن، دەستدرێژیی و تووندوتیژیی سێکسی، ئەشکەنجەدان، کاری نامرۆڤانە، مامەڵەی خراپ و شکاندنی شکۆ".
حوکمی 426 ساڵ زیندانیکردن بۆ سینوار
یەحیا سینوار چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە. لە ساڵی 1982 کاتێک تەمەنی 20 ساڵ بوو، بۆ یەکەم جار دەستگیر کرا. دوای شەش مانگ ئازاد کرا. لە ساڵی 1985 جارێکی دیکە دەستگیرکرا و ئەم جارە هەشت مانگ لە زیندان مایەوە.
سینوار لە ساڵی 1988 جارێکی دەستگیرکرایەوە و بە 426 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. لە 2011 لەگەڵ زیاتر لە هەزار کەسی دیکە، لە بەرامبەر ئازادکردنی سەربازێکی ئیسرائیلی، ئازاد کرا.
سینوار 23 ساڵی تەمەنی لە زیندانەکانی ئیسرائیل بەسەربردووە. لەنێو زیندان خۆی فێری زمانی عیبری کردووە. دوای ئازادکردنی لە زیندان، لە ساڵی 2012 بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و بەرپرسیارێتیی باڵی سەربازیی کەتائیبی عیزەدین قەسامی پێدرا.
" کاتێک لە زیندان بوو، هەڕەشەی لە سەربازەکان دەکرد"
یەعقووب ئیمانوێل، پێشتر بەرپرسی ئەو زیندانە بووە کە سینواری تێدا بووە. لەبارەی هەڵسوکەوتی ئەو پیاوە قسەی بۆ رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی کردووە و دەڵێ: سینوار هەڕەشەی لە پاسەوانەکان دەکرد و دەیگوت "چاوەڕێبن، رۆژێک دادێ ئازاد بکرێم و لێپرسینەوە لەگەڵ هەمووتاندا بکەم".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پێشووی زیندانی ئەمنی لە ئیسرائیل، قسەکانی سینوار "ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو پاسەوانەکاندا دروست دەکرد".
یەحیا سینوار کێیە؟
یەحیا سینوار لە ساڵی 1962 لە کەمپی خان یونس لەدایکبووە. خێزانەکەی لە شەڕی (عەرەب و ئیسرائیل)دا لە ساڵی 1948 لە ئەلمەجدال عەسقەلان دەرکراون یان ھەڵاتوون. یەکێک بوو لە ھاودامەزرێنەرانی دەزگای ئەمنی حەماس. ساڵی 2011 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و کوڕێکی هەیە بە ناوی ئیبراهیم.
خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەکانی سەر بە دەزگای پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) تەواو کرد، بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە خوێندووە، ساڵی 2017 بە سەرۆکی حەماس لە کەرتی غەززە دەستنیشانکرا کە دەیکردە کەسی دووەم، واتە لە دوای ئیسماعیل هەنییە.
سینوار، چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە. لە ساڵی 1982 کاتێک تەمەنی 20 ساڵ بوو، بۆ یەکەم جار دەستگیر کرا. دوای شەش مانگ ئازاد کرا. لە ساڵی 1985 جارێکی دیکە دەستگیرکرا و ئەم جارە هەشت مانگ لە زیندان مایەوە. لە ساڵی 1988 جارێکی دەستگیرکرایەوە و بە 426 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. لە 2011 لەگەڵ زیاتر لە هەزار کەسی دیکە، لە بەرامبەر گیلعات شالیت، ئازاد کرا.