بلینکن: ئاگربەستی غەززە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و لەسەر بڕیاری یەحیا سینوار ماوە

07-08-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئاگربەستی غەززە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و تەنیا لەسەر بڕیاری یەحیا سینوار، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی مەکتەبی سیاسیی حەماس ماوە.

شەوی رابردوو بزووتنەوەی حەماس سینواری تەمەن 61 ساڵی وەکو جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییە هەڵبژارد کە هەفتەی رابردوو لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا. ئەنتۆنی بلینکن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئوسترالیا یەکەم لێدوانی لەبارەی سەرۆکە نوێیەکەی بزووتنەوەی حەماس دا.
 
بلینکن دەڵێت، بڕیار لای سینوارە ئەگەر بیەوێت ئاگربەستی غەززە سەربخات کە لە بەرژەوەندیی زۆرینەی فەڵەستینییەکانە کە لە دۆخێکی سەختدان.
 
بلینکن داوای لە هەموو لایەنەکان کرد خۆیان لە هەڵچوونی گرژییەکان بەدوور بگرن و گوتی، هەر هەڵچوونێک رووبدات، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەک نییە و ناکۆکی و تووندوتیژی و ناسەقامگیری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە گرنگە "بە گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە، بازنەی گرژییەکان تێکبشکێندرێت." بە تێگەیشتنی ئەو، رێککەوتنی ئاگربەست نەک تەنیا ئارامی بۆ غەززە، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، سەرۆکی ئەمریکا، میسر و قەتەر بە تەلەفۆن قسەیان لەبارەی ئاگربەستی غەززە کردووە: "ئاگربەست گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و هەر سێ سەرۆکەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە بەزوویی پرۆسەکە بە ئەنجام بگەیێندرێت".
 
10 مانگ بەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس تێدەپەڕێت. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 40 هەزار کەس لەلایەنی فەلەستین کوژراون کە سێ بەشیان ژن و منداڵن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە