حەسەن نەسروڵڵا: ئێران ناچارە وەڵامی کوژرانی هەنییە بداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی دەڵێت، ئێران و حیزبوڵڵا ناچارن وەڵامی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و فوئاد شوکر، سەرکردەی حیزبوڵڵا بدەنەوە، بێ گوێدانەی ئەوەی ئەنجامەکەی چۆن و چی دەبێت.
رۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵلای لوبنان لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، "ئێران ناچارە وەڵام بداتەوە؛ دووژمن لە دۆخێکی گەورەی دڵەڕاوکێدایە".
حەسەن نەسروڵڵا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و گوتی، "وەڵاممان نزیکە. پشتیوان بەخودا وەڵامێکی بەهێز و کاریگەرمان دەبێت. چاوەڕێی بەرەکانی جەنگ دەکەین".
31ی تەممووز، هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا. ئەوەش هەڕەشەی ئێرانی بۆ تۆڵەکردنەوە و مەترسیی فراوانبوونی شەڕی غەززە بۆ جەنگێکی فراوان بەدوادا هێنا.
ئێران کوشتنی هەنییەی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل. بەرپرسانی ئیسرائیل دانیان پێدا نەناوە، بەڵام رەتیشیان نەکردووەتەوە.
هەروەها فوئاد شوکر، کەسی دووەمی حیزبوڵڵای لوبنان، رۆژی 30ی تەممووز لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان لە هێرشێکی ئاسمانییدا لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.