ئیسرائیل هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر سووریا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا بۆسەر چەند ناوچەیەکی نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا، هەشت سەرباز کوژران و برینداربوون، ئەوەش بە گوێرەی ئاژانسی فەرمیی ئەو وڵاتە.
 
رۆژی دووشەممە 07-08-2023، ئاژانسی سانا کە ئاژانسی فەرمیی حکومەتی سووریایە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هێرشێکی مووشەکیی کردووەتە سەر دەوروبەری دیمەشق و لە ئەنجامدا چوار سەرباز کوژراون و چوار سەربازی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی میدیای سووریا، هێرشەکە کاژێر 2:20ی بەرەبەیان بە کاتی دیمەشق (هەمان کات بە کاتی هەولێر) لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە ئەنجامدراوە و چەند ناوچەیەکی نزیک لە دیمەشقی کردووەتە ئامانج.
 
میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا لە سەرچاوەیەکی سەربازیی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، "هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی چوار سەرباز و برینداربوونی چوار سەربازی دیکە" و ئاماژەی بەوەش کرد، سیستمی بەرگریی سووریا ژمارەیەک مووشەکی خستوونەتە خوارەوە.
 
دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆسەر سووریا 19ی تەممووز بوو، هەر ئەو کات گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی مووشەکییان کردووەتە سەر چەکدارانی نزیک لە حکومەتی سووریا لە نزیک دیمەشق. بەگوێرەی سەرچاوە نێوخۆییەکان، لەو هێرشەدا سێ چەکدار کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون.
 
لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریادا، ئیسرائیل دەیان جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا.