نادین: رووخسارم باش دەبێتەوە، بەڵام ترسێک چووەتە دڵم کە نایەڵێت بخەوم

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەکتەر و شاجوانی پێشووی لوبنانی نادین نەجم لە یەکەم توویتی لەبارەی تەقینەوەکەی بەیرووت دەڵێت، "رووخسارم برینداربووە و باش دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی باش نابێت ئەو ترسەیە کە چووەتە دڵم و خەوی لێ زڕاندووم".
 
نادین دەڵێت "فرمێسکەکانم ناوەستن و ترسیش خەوی لێ حەرامکردووم... رووخسارم لەو برینانە باش دەبێت، بەڵام دەروونم هەرگیز باش نابێتەوە".
 
ئەو خانمە ئەکتەرە لوبنانییە پێشتر رایگەیاندبوو کە رووخسار و هەندێک بەشی جەستەی برینداربووە و لەکاتی تەقینەوەکە لە ماڵی خۆی بووە، پاش تەقینەوەکە لە 22 نهۆمەوە بە پێخاوسی هاتووەتە خوارەوە و دواتر نەشتەرگەرییەکی شەش کاژێریی بۆ ئەنجامدراوە.
 
ئەو دەڵێت کاتێک بیر لە دایکان و منداڵان دەکاتەوە کە لەکاتی تەقینەوەکە ناخۆشترین و سەختترین ئەزموونی ژیانیان کردووە "مەرگ بە چاوی خۆت دەبینیت".
 
نادین خاوەنی دوو منداڵە و لە رۆژی تەقینەوەکە کوڕ و کچەکەی لە ماڵ نەبوون و سەلامەتن.
 
هەر لە رۆژی تەقینەوەکە، رۆژنامەی نەهار چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هونەرمەندەکە بڵاوکردەوە کە پێش تەقینەوەکە ئەنجامدراوە و باس لە ژیانی هونەری و کەسیی خۆی دەکات، بەتایبەت لەدوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی.
 
نادین بە رۆژنامەکەی گوتووە کە لەپاش جیابوونەوە "ژیانم وەکو پێشوو بەردەوامی پێداوە و سەختییەک کە شایەنی باس بێت رووبەڕووم نەبووەتەوە. خزمەکانم هەمیشە پاڵپشتیم لێدەکەن".
 
هونەرمەندە لوبنانییەکە لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەش زیاتر بەهۆی زنجیرە درامای هەیبە بەنێوبانگە، کە ئێستا لە زۆربەی کەناڵەکان پەخشدەکرێت؛ لەو زنجیرە درامایەدا رۆڵی عالیا دەبینێت.
 
نادین کە ئێستا تەمەنی 36 ساڵە، لە بەیرووت لە باوکێکی لوبنانیی بە ئایین کریستیان و دایکێکی تونسیی موسڵمان لەدایکبووە. هاوشێوەی باوکی کریستیانە، ساڵی 2014 بە شاجوانی لوبنان هەڵبژێردراوە.