قەتەر: چاوەڕێی وەڵامی حەماسین بۆ ئاگربەست

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا حەماس وەڵامی پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمریکای بۆ ئاگربەست نەداوەتەوە و چاوەڕێی وەڵامی ئەو گرووپەن دەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 7ـی حوزەیرانی 2024، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دەوحەی وڵاتەی گوتی: "تاوەکو ئێستا نێوەندگیران وەڵامی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینییان بۆ دوایین پێشنیازی ئاگربەست رانەگەیاندووە". گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی حەماس رایانگەیاندووە هێشتا خوێندنەوە بۆ پێشنیازەکە دەکەن.
 
قەتەر هاوشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و میسر چەندین مانگە نێوەندگیری لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دەکات. 
 
رۆژی 06-06-2024 ئاژانسی فەرمیی میسر رایگەیاند، بەرپرسانی میسر، ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرییان لە حەماس پێگەیشتووە کە دەکرێت رێگەخۆشکەر بێت بۆ ئاگربەست. 
 
هاوکات ئوسامە حەمدان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، پێشنیازەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ وەستاندنی جەنگ لە غەززە، تەنیا "قسەیە"، گوتیشی، بزووتنەوەیەکەیان هیچ پەیمانێکی نووسراویان پێنەگەیشتووە.
 
هەفتەی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی خستەڕوو کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، بۆ وەستاندنی جەنگ، ئازادکردنی بارمتەکان و بونیادنانەوەی کەرتی غەززە بێ ئەوەی حەماس رۆڵی لە دەسەڵاتی داهاتووی کەرتەکەدا هەبێت.  
 
هەرچەندە ئوسامە حەمدان کە لە بەیرووت دادەنیشێت، گوتی: "هیچ پێشنیازێک لە ئارادا نییە، بەڵکو قسەیەکی بایدنە کە لە گوتارێکدا کردوویەتی. تاوەکو ئێستاش، ئەمریکییەکان هیچ شتێکی پشتڕاستکراو یان نووسراویان پێشكێش نەکردووین کە لە رێگەیەوە پابەندی قسەکانی بایدن بن."
 
ئوسامە حەمدان ئاماژە بەوە دەکات بایدن بۆیە ئەو پێشنیازەی خستووەتەڕوو، بۆ ئەوەی رەتکردنەوەی ئیسرائیل بۆ پێشنیازێکی پێشوو، پەردەپۆشبکات. گوتیشی: "حەماس بە هەر رێککەوتنێک رازی دەبێت کە داواکارییە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەکە بەدیبهێنێت، ئەوانیش وەستاندنی سەرتاسەریی شەڕ و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیلە لە کەرتەکە."
 
جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەر بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە دەستیپێکرد. لەو رۆژەدا، بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لانیکەم هەزار 194 کەس کوژران، کە زۆربەیان سڤیل بوون. 
 
هەروەها چەکدارانی فەلەستینی 251 کەسیان بە بارمتە گرت، کە هێشتا 120یان لە غەززە ماون، لەو 120ـەش، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 41یان لە ژیاندا نەماون. 
 
ئیسرائیلیش بە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە زیاتر لە 36 هەزار و 650 کەسی کوشتووە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.