رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
کەشتییەک لە کەنداوی عەدەن دوای هێرشێکی حوسییەکان؛ وێنەکە ئەرشیفییە و تەنیا بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گرووپی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاندووە، بۆ یەکەمجارە لەدەستپێکی هێرشەکانیان لە دژی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە، هێرشێکی هاوبەشیان لەگەڵ گرووپی مقاوەمەی عێراقی کردووە، هەڕەشەی زیادکردنی هێرشە هاوبەشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکات.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە هەژماری تایبەتی حووسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام رایگەیاند، دوو هێرشی هاوبەشیان کردووەتە کەشتییەکانی ئیسرائیل لە بەندەی حەیفای ئیسرائیلی، بەڵام سوپای ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە.
گرووپی مقاوەمەی عێراقی، لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی دەڵێت، کە لەگەڵ حووسییەکانی یەمەن دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر بەندەری حەیفا.
پاش راگەیێندراوی حووسییەکان، عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی ئەو گرووپە لە گوتارێکدا رایگەیاند، لەدوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو ئەمە یەکەمجارە، گرووپەکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ مقاوەمەی عێراقی هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە.
گرووپە یەمەنییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە 30 رۆژی رابردوودا، لە هێرشەکانیان بۆ سەر دەریای سوور، دەریای هیندی و دەریای سپیی نێوەڕاست؛ 91 مووشەکی بالیستی و 38 درۆنیان بەکارهێناوە."
ئەو سەرکردەیەی حووسییەکان باسی مووشەکەکانیان دەکات و دەڵێت، گرووپەکەیان توانیوویەتی، مووشەکی بالیستی درێژمەودا دروست بکات، کە بە گوتەی خۆی دەگاتە دوورترین خاڵی ئیسرائیل. دەشڵێت، هەفتەی رابردوو لە هێرشێکیاندا بۆ سەر کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکیی ئایزنهاوەر، حەوت مووشەکی بالیستی و چوار درۆنیان بەکارهێناوە، بەو هۆیەوە کەشتییەکەیان ناچار کردووە شوێنی خۆی لە باکووری دەریای سوور بگۆڕێت.
بە گوێرەی ئاماری حووسییەکان، لەسەرەتای هێرشەکانیان لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو بە سەتان مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراویان ئاراستەی زیاتر لە 130 کەشتی کردووە.
حووسییەکان دەڵێن، هێرشەکانیان تەنیا بۆ سەر ئەو کەشتیانەیە کە ئیسرائیلین یان پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ