سووریا بووەوە ئەندامی کۆمکاری عەرەبی

رووداو دیجیتاڵ

دوای 12 ساڵ لە  هەڵپەساردنی ئەندامیێتی سووریا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی رەزامەندییان لەسەر گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دا.
 
رۆژی یەکشەممە، 7-5-2023، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، بڕیاریان دا کۆتایی بە هەڵپەساردنی ئەندامیێتی سووریا لە کۆمکارەکە بهێنن و، لەمڕۆوە سووریا دەتوانێت وەکو ئەندامێکی ئاسایی کۆمکار مامەڵە بکات.
 
د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێیوایە وڵاتەکەی رۆڵی راستەقینەی لە گێڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی هەبووە. لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراق رایگەیاند "وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاندا بڕیاریان دا بە گەڕانەوەی سووریا بۆ کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی".
 
بڕیارەکە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی داخراوی وەزیرانی دەرەوەی عەرب لە میسر درا، بەڵام گەڕانەوەکەی سووریا بە چەند بابەتێک مەرجدارە کە ئەمانە بەشێکیانن:
 
- کۆتایهێنان بە گرووپە چەکدارەکان.
- چارەسەرکردنی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر و فراوانکردنی دەسەڵاتی حکومەتی سووریا بۆ سەرجەم خاکەکەی.
- ژمارەیەک پابەندبوونی دیکە کە پەیوەندییان بە پرسی ئاوارەکان و پەنابەرانی سووریا هەیە لەنێوخۆی ئەو وڵاتە و دەرەوە.
- پرسی سەروەریی لەسەر خاک و ئاسمانەکەی.
 
هەفتەی رابردوو وەزیرانی ئوردن، سعودیە، عێراق، میسر و سووریا کۆبوونەوەیەکی راوێژکارییان بۆ گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی کرد و لە راگەیێندراوی کۆتاییدا ئەو مەرجانەیان ئاماژە بۆ کردبوو.
 
رۆژی 12ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2011، وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لە قاهیرە بڕیاری هەڵپەساردنی بەشدارییکردنی شاندەکانی سووریایان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی دا، تاوەکو ئەو کاتەی ئەو وڵاتە پابەند دەبێت بە بەڵێننامەکانی و پارێزگاری لە هاووڵاتیانی سڤیل دەکات و داوایان لە سوپای سووریاش کرد، لە تووندوتیژیی دژی هاووڵاتییان تێوەنەگلێت. سەرباری ئەوەش ژمارەیەک سزای ئابووری و سیاسییان بەسەر حکومەتی سووریادا بەسەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد سەپاند.
 
قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 350 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، قەیرانەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.