بازرگانیى عێراق: قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ تورکیا زیاتر لە 14 ملیار دۆلارە

07-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانى عێراق رایگەیاند، "بەم نزیکانە" سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى تورکیا دەکات. ئاشکراشی کرد، قەبارەى ئاڵوگۆڕى ساڵانەى بازرگانیى نێوانیان زیاتر لە 14 ملیار دۆلارە.
 
رۆژی دووشەممە، 07-04-2025، محەممەد حەنوون، گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا و لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرۆکوەزیران سەردانەکەی بۆ تورکیا رێکدەخات. لەکاتێکدا لە ئەنقەرە سەردانێکى چاوەڕوانکراوى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیاى بۆ بەغدا راگەیێندرا.
 
گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیى عێراق پێیوایە، ئەو دیدارانە رۆڵیان دەبێت بۆ پەرەپێدان و بووژاندنەوەى پەیوەندی بازرگانیی نێوان دوو وڵات و ئاستى نوێ بۆ مامەڵەکردن دەکاتەوە.
 
پێشتر لە 22ـى نیسانى 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانى عێراقى کرد و 24 یاداشتى لێکتێگەیشتنی واژۆ کرد.
 
گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیى عێراق گوتى: "پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانمان لەگەڵ تورکیا، هیچ سنوورێکی نییە. دوو وڵاتەکە چاویان لەوەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕى بازرگانی و ئابووری زیاتر بکەن بەهۆی ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لەگەڵ لایەنی تورکیا هەمانە. لە کۆتایشدا سوود لە ئەزموون و  کەرەستەى تورکیا لە بوارە جیاوازەکان ببینین."
 
بە گوتەى محەممەد حەنوون  قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا دەگاتە 14 ملیار و 891 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا و گوتی: "ئەو ژمارانە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی تورکیا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق پشتڕاستکراونەتەوە، جگە لە نەوت و بەرهەمەکانی دیکەیە، بەڵکو تەنیا قەبارەی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کاڵا لەنێوان دوو وڵات دەگرێتەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە