نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید ئال نەهیان: بە دانایی مامەڵە لەگەڵ دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکرێت

07-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات کۆبوونەوە. لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەرفەتی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی لە نێوانیان تاوتوێ کران. هەردوولاش جەختیان لە گرنگيى پاراستنى ئارامیى دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە.

رۆژی دووشەممە، 07ـی نیسان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە ئەبوزەبی و لەلایەن بەرپرسانی ئیماراتەوە پێشوازی لێکرا و ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ محه‌ممه‌د بن زايد ئال نه‌هيان، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە. 
 
لەدوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە دەربڕی و دەڵێت: گفتوگۆمان کرد لەبارەی پتەوکردنی هاوکاریی نێوان ئیمارات، عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا دەخاتەڕوو و دەڵێت: "جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيمارات له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تى له‌و بوارانه‌دا كه‌ بۆ هه‌ردوولا پێويستن."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: لە دیدارەکەدا "ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى ئيماراتى و كه‌رتى تايبه‌تى وڵاته‌كه‌يان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق تاوتوێ كرد و بيروڕايان ده‌رباره‌ى ئه‌و بوار و كه‌رتانه‌ گۆڕييه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێ ئيمارات له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، وه‌به‌رهێنانيان تێدا بكات."
 
تەوەرێکی دیکەی دیداری نێوان نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید ئال نەهیان دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هاتووە: "هه‌ردوو سه‌رۆك به‌ فراوانى دوايين رووداو و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و مه‌ترسى و لێكه‌وته‌وكانیان باس کرد."
 
هەروەها "هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و دانبه‌خۆداگرتن و دانايى له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا كرده‌وه،‌ به‌ جۆرێك رێگە له‌ ئاڵۆزى و ئاشووبى زياتر له‌ ناوچه‌كه‌ بگيرێت و هه‌موو لايه‌ك كار بۆ ئاشتى و سه‌قامگيرى بكه‌ن."
 
"دۆخى سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وای گوت.
 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە شاری ئەسفەهانی ئێران.

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: پێویستە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بەتەواوی رابگرێت

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران تەنیا بە گوێرەی مەرجەکانی سەرۆکی وڵاتەکەی دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە تاران واز لە پڕۆگرامی ئەتۆمی بهێنێت و ئەوەی هەشیەتی لەنێوی ببات.