هاوسەرۆکی حیزبێکی سریانی: لێدوانەکەی وەزیری رۆشنبیریی سووریا سڕینەوەی ناسنامەی سریانە

07-04-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی حیزبێکی سریانی لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لێدوانی وەزیری رۆشنبیریی سووریا کە گوتبووی زاراوەی سریانی لە ریشەدا عەرەبییە، ناپەسندە و بۆ سڕینەوەی ناسنامەی سریانەکانە.

رۆژی دووشەممە، 07-04-2025، د. سەنحاریب بەرسووم، هاوسەرۆکی حیزبی یەکێتیی سریانی لە رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لێدوانەکانی وەزیری رۆشنبیریی سووریا لەبارەی زمانی سریانی رەتکراوە و ناپەسندە، ئێمە وەکو سڕینەوە و پەراوێزخستنی ناسنامە و زمانی سریانی دەیبینین."

محەممەد یاسین، وەزیری رۆشنبیریی سووریا، پێشتر لەبارەی زمانی سریانییەوە گوتبووی: "زمانی سریانی، شێوەزارێکی کۆنی عەرەبییە." دواتر دەنگیان دایەوە و ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە.

سەنحاریب بەرسووم دەڵێت: "ئەمەش هەمان ئەو سیاسەتەیە کە رژێمی بەعسی پێشوو پەیڕەوی دەکرد و گەلی سریانی وەکو عەرەبی مەسیحی دادەنا بۆ سڕینەوەی بەشێکی گرنگ لە مێژووی دێرینی سووریا."

ئاماژەی بەوەشکرد، "لێدوانەکانی پێچەوانەی دەستووری کاتییە کە دەسەڵاتی سووریا رایگەیاندووە، کە ئێمە چەندین تێبینیمان لەسەری هەیە لە چوارچێوەی ئەو مادەیەی کە جەخت لەسەر پاراستنی فرەچەشنی کولتووری دەکاتەوە."

هاوسەرۆکی حیزبە سریانییەکە، نیگەرانییەکانی ناشارێتەوە و دەڵێت: "هەموو ئەوەی لە حکومەتەوە دەردەچێت کە دوایینیان لە وەزیری رۆشنبیرییەوە بوو، وامان لێدەکات هەست بکەین هەموو پێکهاتەکان مەترسییان لەسەرە، بەڵام بە شێوازی جیاواز."

سەنحاریب، داوا لە دەسەڵاتی سووریا دەکات دان بە هەموو پێکهاتەکاندا بنێت و هەموو مافەکانیان بە شێوەیەکی روون و راشکاوانە دابین بکات، "نەک لە رێگەی مادەی نادیار لە ناو دەستووریی کاتیدا کە پێویستی بە گەلێک گۆڕانکارییە." 

هاوکات دامەزراوەی (ئۆلاف تاو) کە سەر بە دەستەی پەروەردەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە رایگەیاند، قسەکانی وەزیری حکومەتە کاتییەکەی سووریا هیچ بنەمایەکی زانستی نییە.

دامەزراوەکە داوای کرد کە وەزیری رۆشنبیری سووریا بە ئاشکرا داوای لێبووردن بکات و زانیارییەکانی راست بکاتەوە. هەروەها بە فەرمی زمانی سریانی وەک زمانێکی نیشتمانی و کولتوورێکی مێژوویی رەسەن بناسێنرێت بۆ دڵنیایی رێزگرتن لە فرەڕەنگی رۆشنبیری و زمان لە سووریا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە