رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە سەردانێک لە میسرە. بڕیارە لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆ و سبەیدا سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆخی غەززە بێت.
بۆ بەڕێوەبردنی غەززە، ماکرۆن پشتیوانی لە پلانێکی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی دەکات بەرامبەر پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ.
کردنەوەی دەروازەکانی کەرتی غەززە کە لە ژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە، خاڵێکی دیکەی گفتوگۆی ماکرۆن دەبێت لە قاهیرە.
سەرۆککۆماری فەرەنسا شەوی یەکشەممە گەیشتە قاهیرە، بە سەردانێکی دوو رۆژە کە بڕیارە تێیدا ژمارەیەک رێککەوتنیش لە بواری تەندروستی، گواستنەوە، وزەی نوێبووەوە و پەروەردە لەگەڵ حکومەتی میسر واژۆ بکات.
کۆشکی ئیلیزێ لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە کە سەردانەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ماکرۆن بۆ وەستاندنی جەنگی غەززە دێت.
نێوەڕاستی مانگی ئادار ئیسرائیل ئاگربەستی پێشێلکرد و دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە کردەوە، کە ماکرۆن پێیوایە ئەوە گەڕانەوەیەکی خراپە بۆ دواوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کردبوو کە ئەمریکا دەستبەسەر کەرتی غەززەدا بگرێت، خەڵکەکەی رابگوازێت بۆ وڵاتانی دراوسێ.
بەڵام میسر و ئوردن پێشنیازەکەی ترەمپیان رەتکردەوە.
قاهیرە پلانێکی دیکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێشكێشکرد بێ ئەوەی خەڵکەکەی رابگوازرێت. بە گوێرەی پلانەکە، دەسەڵاتی فەلەستینی غەززە بەڕێوەدەبات.
بڕیارە ئەمڕۆ، دووشەممە، ماکرۆن و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر دووقۆڵی کۆببونەوە و دواتر شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردنیش بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە بەشدار بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ