'موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' دەڵێت، شارۆچکەی ئیلاتی ئیسرائیلی بۆردوومان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو گرووپەی خۆی بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنێت، دەڵێت، ناوچەیەکی لە سنووری شارۆچکەی ئیلاتی ئیسرائیل بە درۆن کردووەتە ئامانج.
 
گرووپەکە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، "لە بەردەوامیی رێبازی موقاوەمەتی داگیرکاری و بۆ پشتیوانی لە کەسوکارمان لە غەززە، لە وەڵامی تاوانەکانی قەوارەی داگیرکاردا دژی هاووڵاتییانی فەلەستین لە منداڵ و ژن و پیر، موجاهیدانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ 7ی نیسانی 2024 ئامانجێکی گرنگی لە ئوم رەشاش لە سنووری شارۆچکەی ئیلات بە درۆن کردە ئامانج."
 
گرووپەکە بەڵێن دەدات بەردەوامی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بدات.
 
(موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراق و سووریا کرد، بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکا چەند جارێک بە تووندی وەڵامی دایەوە، لەوانەش کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە شەوی 07-02-2024 لە نێوجەرگەی بەغدا، گرووپەکە هیچ هێرشێکی دیکەی نەکردوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
 
ئیسرائیل هیچ شتێکی لەبارەی ئەو هێرشەوە بڵاونەکردووەتەوە.