پرۆگرامی خۆراکی جیهانی: خۆراکمان بۆ هەموو غەززە هەیە و رێگەی گەیاندنمان نییە

رووداو دیجیتاڵ

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی داوای کردنەوەی رێگەکانی کەرتی غەززە دەکات بۆ گەیاندنی خۆراک بە خەڵکەکەی و دەڵێ "بەشی هەموو خەڵکی غەززە خۆراکمان هەیە."
 
رۆژی چوارشەممە، 06-03-2024، سەمیر عەبدولجابر، بەڕێوەبەری فریاگوزاریی پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP) رایگەیاند "رێکخراوەکەمان بەشی هەموو خەڵکی غەززە خۆراکی هەیە، بەڵام هیچ رێگەیەک نییە بۆ گەیاندنی خۆراک بۆیە هەموو خۆراکەکە لە دەرەوەی کەرتی غەززە ماوەتەوە."
 
بەڕێوەبەری فریاگوزاریی ئەو رێکخراوە کە لە ئیتاڵیاوە قسەیکرد هەروەها گوتی، "ئێمە پێویستمان بە خاڵە سنوورییەکانە، پێویستمان بە رێگەیەکە بۆ ئەوەی بچینە نێو غەززە، چ لە باکوور یان باشوور."
 
چەند بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوە داوە، رۆژی سێشەممە کاروانێک کە لە 14 بارهەڵگر پێکهاتبوو دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ کاژێر لە خاڵی سنووریی وادی غەززە چاوەڕوان بوو "رێگە نەدرا بچنە ژوورەوە و گەڕێندرانەوە."
 
هەر بەگوێرەی ئەو بەرپرسانە، "بارهەڵگرەکان 200 تۆن خۆراکیان هەڵگرتبوو، دوای ئەوەی بەلای قەرەباڵخییەک تێپەڕین، خەڵکەکە پەلاماری بارهەڵگرەکانیان دا و خۆراکەکانیان برد."
 
لە ئامارێکدا، پرۆگرامی خۆراکی جیهانی ئاشکرای کردووە، 2.2 ملیۆن خەڵکی غەززە بە قەیرانێکی تووندی برسیێتی و قاتوقڕیدا تێپەڕدەبن.
 
لە سەرەتای جەنگەوە لە 07-10-2023، رێکخراوەکە دەستی گەیشتووەتە 1.4 ملیۆن کەس. WFP هەروەها دەڵێت، "تاوەکو کۆتایی 2024، لانیکەم 760 ملیۆن دۆلارمان پێویستە بۆ گەیاندنی هاوکاری."
 
جگە لە برسیێتی، دۆخی کەرتی غەززە لە رووی تەندروستیشەوە وێرانە
 
رۆژی سێشەممە، ریک پیپەرکۆرن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە فەلەستین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤی سویسراوە رایگەیاند "پێشبینی دەکەین؛ دەبێت 8000 کەس لە غەززەییەکان ببردرێنە دەرەوەی کەرتەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر."
 
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە، گواستنەوەی ئەو ژمارەیە لە خەڵک بۆ دەرەوەی غەززە، بارگرانی لەسەر نەخۆشخانەکانی غەززە کەم دەکاتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەو 8 هەزار کەسە شەش هەزاریان لە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بریندار بوون و دوو هەزارەکەی دیکەشیان نەخۆشن. 
 
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ـی تشرینی یەکەمی پارساڵ، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە.
 
لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەو رۆژەی حەماس هێرشەکەی کرد لانیکەم 240 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کەوتنە دەست ئەو گرووپە چەکدارە و ئیستا 130ـیان بە دیل لەلایان ماون. 
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی بە بۆردوومانکردن و هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە دایەوە. بە گوتەی تەندروستی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 30 هەزار و 631 کەس کوژراون و زیاتر لە 71 هەزار و 700ی دیکەش بریندار بوون.