کۆنسوڵى ئیمارات: 150 کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن

رووداو – هەولێر 

کۆنسوڵى ئیمارات لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، نزیکەى 150 کۆمپانیاى وڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان دەکەن، بە فەرمیش نێچیرڤان بازرانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستانیان بانگهێشت کردووە سەردانی ئەو وڵاتە بکات. گوتیشى: ئەنجوومەنى باڵاى وەبەرهێنەران پێکهێندراوە بۆ خاوەنکارانى وەبەرهێنەرى ئیمارات لە هەرێمى کوردستان و بەمنزیکانە رادەگەیێندرێت و دەبەسترێتەوە بە دەزگاى وەبەرهێنانى ئیمارات.
 
رۆژی چوارشەممە 07-03-2023 ئەحمەد زاهرى، کۆنسوڵى ئیماراتى عەرەبی لە هەرێمى کوردستان میوانی نووڕۆژى رووداو بوو، رایگەیاند، ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەى زۆرترین وەبەرهێنانى لە هەرێمى کوردستان کردووە و 150 کۆمپانیاى ئیماراتى لە هەرێمى کوردستان هەن، لەوانە کۆمپانیاى دانەگازە کە لە کەرتى گاز و نەوتدا کاردەکات، گوتیشى: "زۆر کۆمپانیامان هەن کە هاوشانى ستراتیژیى هەرێمى کوردستان کاردەکەن بۆ فرەڕەنگى ئابوورى".
 
ئەحمەد زاهرى رایگەیاند کە لە دۆسیەى ئاسایشى خۆراکدا کاریان کردووە و چەندین کاروانى بەربوومى کشتوکاڵى لە هەرێمى کوردستانەوە هەناردەى ئیمارات کراون و  سەرەتا لە هەناردەکردنى هەنارەوە دەستیپێکردووە و گرێبەست لەگەڵ هاوردەکاران واژو کراوە بۆ ئەوەى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى دیکەش هەناردەى ئیمارات بکرێن.
 
زاهرى گوتیشى: "هەنارى هەڵەبجە شایستەى بە بازاڕکردنە، خۆشترن تامى هەیە بەراورد بەو هەنارانەى دیکەى کە لەوڵاتانەى دیکەوە هەناردەى ئیمارات دەکرێت و جۆرێکى تایبەتە".
 
لە ساڵى 2012ـەوە کۆنسوڵخانەى ئیماراتى عەرەبی لە هەرێمى کوردستان کراوەتەوە و یەکێک لە گەورەترین وەبەرهێنانى کۆمپانیاکانى ئەو وڵاتە لە کێڵگەى گازى کۆرمۆڕى سنوورى پارێزگاى سلێمانییە، لە رێگەى کۆمپانیاى دانەگاز.  
  
کۆنسوڵى ئیماراتى عەرەبی لە هەرێمى کوردستان رایگەیاند؛ پەیوەندیى سەرکردەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئیماراتى عەرەبی بەهێزە، بەشێوەیەکى فەرمى بانگهێشتنى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کراوە بۆ ئەوەى سەردانى ئیمارات بکات و چاوى بە شێخ محەممەد زاید بن بنهیان، سەرۆکى ئیمارات بکەوێت، ئەوەشى بە "ئاوێنەى بەردەوام"ى ئەو پەیوەندییە و "بەهێزبوون"ى ناوبرد.
 
ئەحمەد زاهرى ئاشکرایکرد کە بەم دواییە ئەنجوومەنى باڵاى وەبەرهێنەران پێکهێندراوە بۆ خاوەنکارانى وەبەرهێنەرى ئیمارات لە هەرێمى کوردستان و بەم نزیکانە رادەگەیێندرێت و دەبەسترێتەوە بە دەزگەى وەبەرهێنانى ئیمارات لە دەرەوە. 
 
زاهری باسی پرۆژەیەکی نوێی وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتى: "لەزاخۆ دەستمان بە جێبەجێکردنى پلانێک کردووە لەبوارى وەبەرهێنانى کشتوکاڵى لە رێگەى یەکێک لە گەورە خاوەنکارانى ئیماراتی، ئەنجامەکەشى لە ماوەى ساڵێکدا دەردەکەوێت."