رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکدا، بزووتنەوەی حەماس بەتووندی سەرکۆنەی بە ئامانجکردنی سەرکردەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لە ناوچەی مەشتەل لە رۆژهەڵاتی بەغدا دەکات و دەشڵێت، "بەئامانجکردنی سەرکردەکانی مقاوەمەی ئیسلامی خزمەت بە ئەجیندای داگیرکاری زایۆنیزمی ئیسرائیل دەگەیێنێت."
لە راگەیێندراوەکەی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی - حەماس، هاتووە، "بەتووندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دڕندایەی شەوی چوارشەممە دەکەین کە چەند ناوچەیەکی بەغدای پایتەختی عێراق کردە ئامانج و بەهۆیەوە هەردوو سەرکردەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقی؛ ئەرکان عەلیاوی و ئەبو باقر ساعدی تێیدا شەهیدبوون."
دەشڵێت، "ئەم هێرشە، دوژمنکارانە و پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی عێراقە و خزمەت بە ئەجیندای داگیرکاریی زایۆنیزمی و پرۆژە فراوانخوازییەکانی دەگەیێنێت."
بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی - حەماس، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەلی عێراق "بە شەهیدبوونی رۆڵەکانیان" دەکات و دەشڵێت، "بەرپرسیارێتیی هەڵکشاندنی گرژییەکان دەخەینە ئەستۆی ئیدارەی بایدن، کە لە رێگەی پشتیوانیکردن و سپۆنسەریکردنی جەنگی جینۆسایدی نازییانەی دژ بە گەلەکەمان لە کەرتی غەززە تێوەگلاوە. هەروەها دووپاتی دەکەینەوە، بەبێ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری زایۆنیزم بۆ سەر خاکی فەلەستینی عەرەبی داگیرکراو، ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە نابینێت."
کاژێر 21:35 خولەکی رۆژی 7ـی شوباتی 2024، لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبوو باقر ساعیدی بە درۆن کرایە ئامانج و کوژرا.
دوای هێرشەکە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم، بەرپرسیاریێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند، ئەو هێرشە لە تۆڵەی هێرشەکانیان بووە بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ