نەتەنیاهوو مەرجەکانی حەماس بۆ ئاگربەست رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مەرجەکانی حەماسی بۆ ئاگربەست رەتکردەوە و داوای لە سوپا کرد ئامادەکاری بکەن بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرکەوتن بەسەر حەماس "بابەتی چەند مانگێکە" و فەرمانی بە سوپا کرد کە ئامادەکاری بکەن بۆ هێرشکردنە سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە کە پێشبینی دەکەن سەرکردەکانی حەماس لەو ناوچەیە بن.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێیوایە ملکەچبوون بۆ داواکارنی حەماس دەبێتە هۆی "کۆمەڵکوژییەکی دیکە" و ئەوەی رەتکردووەتەوە.
 
بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ وەڵامی بۆ ئیسرائیل نارد و تێیدا هاتووە، "ئاگربەستێکی چوار مانگ و نیویمان دەوێت [135 رۆژ]؛ هەروەها ئیسرائیل دەبێت هەموو هێزەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە".
 
دوێنێ سێشەممە، محەممەد عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لەبارەی وەڵامەکەی حەماسەوە رایگەیاند، "وەڵامی حەماسمان لەبارەی چوارچێوەی گشتی رێککەوتنی ئاگربەست و بارمتەکان بەدەست گەیشتووە؛ وەڵامەکە هەندێک تێبینی تێدایە، بەڵام بەگشتی ئەرێنییە".
 
پێشووتریش بەرپرسێکی ئیسرائیل کە قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کردبوو، گوتی، "ئیسرائیل بەهیچ جۆرێک بە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی رازی نابێت و دەیەوێت حەماس بە یەکجاری لەنێوببات".
 
ئەو گفتوگۆیەی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیە، میسر و قەتەر، رۆژی چوارشەممە گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە.