ئاوارەیەکی غەززە: خەڵک دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان ئەگەر وێرانیش بووبێت

07-02-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
"حەماس داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و راگرتنی جەنگ دەکات؛ ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە"
"حەماس داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و راگرتنی جەنگ دەکات؛ ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە"
نیشانەکردن جەنگی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەبو هاشم حەمدان ئاوارەی غەززەیە لە دێربەلەح و دەڵێ "داوای ئاگربەست دەکەین و دوای ئاگربەستیش ئەو خەڵکەی لە ماڵ و شوێنی خۆیان ئاوارە بوون، دەیانەوێت بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، تەنانەت ئەگەر ماڵەکانیشیان وێران بووبێت. ئاشتیمان دەوێت و جەنگمان ناوێت."
 
ئەبو هاشم، تەنیا نییە بەڵکو لەو کامپەی ئاوارەکانی باکووری غەززە لە شاری دێربەلح کە لە نێوەڕاستی کەرتەکەیە، دانیشتووانەکەی شەو و رۆژ چاویان لە راگەیاندنی ئاگربەستێکی نوێییە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێنجەمین جارە سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی پار؛ ئەمجارەش هەوڵێکی دیپلۆماسیی نوێی واشنتنی دەستپێکردووە بۆ راگرتنی ئەو جەنگەی تائێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 27 هەزار فەلەستینی و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی.
 
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ "لەگەڵ هەریەک لە قەتەر و میسر، چەند پێشنیازێکمان پێشكێشکردوون و حەماسیش وەڵامی داوەتەوە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی تاوتوێیان دەکەین. لەو بڕوایەداین؛ رێککەوتن ئەگەرێکی باشی هەیە و هەموو تواناشمان دەخەینەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی." 
 
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی چوار قۆڵیی ئەمریکا، ئیسرائیل، قەتەر و میسر لە پاریس، ئاگربەستی نوێ بۆ شەش هەفتە دەبێت. لەو ماوەیەشدا ژمارەیەک بارمتە و گیراو لەلایەن حەماس و ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن.
 
شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان سەرۆکوەزیرانی قەتەر سەبارەت بە ئاگربەستی نوێ دەڵێ "وەڵامی حەماسمان بەدەستگەیشتووە سەبارەت بە چوارچێوەی گشتیی تایبەت بە بارمتەکان، وەڵامەکە هەندێ تێبینیی تێدایە، بەڵام بەگشتی وەڵامێکی ئەرێنییە."
 
پێدەچێت تێبینییەکە ئەوە بێت، حەماس داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و راگرتنی جەنگ دەکات؛ خاڵێك کە ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە و تەنیا ئامادەی ئاگربەستێکی کاتییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە