حووسییەکان دوو کەشتیی بەریتانی و یۆنانی بە مووشەک دەکەنە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
دوو کەشتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەنی یەمەن لەلایەن چەکدارانی حووسییەوە بە نۆ مووشەکی بالیستی کرانە ئامانج.
درەنگی شەوی سێشەممە، 06ی شوبات، هێزی دەریایی بەریتانی رایگەیاند، کەشتیی یەکەمیان لە باشووری دەریای سوور و نزیک لە بەندەری حودەیدییەی یەمەن بووە، زیانێکی کەمی بە کەشتییەکی بەریتانی گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە و کەشتییەکەش توانیویەتی بەردەوام بێت.
دووەم کەشتی کە یۆنانی بووە، بە سێ مووشەکی بالیستیی حووسییەکان کرایە ئامانج، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی بەریتانیا توانیویانە یەکێک لە مووشەکەکان تێکبشکێنن، دوو مووشەکەکەی دیکە لە نزیک کەشتییە یۆنانییەکە کەوتوونەتە خوارەوە و زیانێکی کەمیان بە کەشتییەکە گەیاندووە.
لەدوای هێرشەکە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان، بەرپرسیارێتی لەو هێرشە مووشەکییە راگەیاند.
لە 17 تشرینی دووەمی پارەوە، حووسییەکان زیاتر لە 30 هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی نێو دەریا سوور و کەنداوی عەدەن کردووە، حووسییەکان دەڵێن، ئەو هێرشانە وەکو تۆڵەکردنەوەیەکە لە بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
ئەو هێرشانە کێشەیان بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەو رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییە دروستکردووە کە ساڵانە 12٪ـی بازرگانیی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت و هەندێ لە کەشتییەکان لەپێناو سەلامەتییان، رێگەیەکی دوورتر دەبڕن.
لەدوای ئەو هێرشانەی حووسییەکان، ئەمریکا بە تەنیا یانیش بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا زیاتر لە 10 جار هێرشی کردووەتە سەر پێگەی حووسییەکان لە یەمەن. دواترینیان رۆژی شەممە بوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشی 36 پێگەی حووسییەکانیان بۆردوومان کرد.