تەندروستیی جیهانی: پێشبینی دەکەین 20 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستدابێت
رووداو - هەولێر
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیشتە چوار هەزار و 365 کەس و تەندروستیی جیهانیش پێشبینی دەکات 20 هەزار کەس گیانیان لەدەستدابێت، لەکاتێکدا هەڵمەتی رزگارکردن بەردەوامە.
لە تەواوی ناوچەکەدا، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، سەروو پێنج هەزار و 600 باڵەخانە و خانوو بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخاون.
رۆژی سێشەممە، 7ـی شوباتی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەی 6ـی شوباتەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 2 هەزار و 921 کەس. هەروەها تائێستا سەروو 7 هەزار کەس لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەکان رزگار کراون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە سووریا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەزار و 440 کەس. بەوەش کۆی ژمارەی گیانلەدەستدان لە ناوچەکەدا دەگاتە 4 هەزار و 365 کەس.
هاوکات، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی دەکەن تاوەکو 20 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستدابێت.
کاترین سمۆڵوود، بەرپرسی باڵای فریاکەوتنی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "بەردەوام ئەگەری داڕووخانی زیاتر هەیە، بۆیە ئێمە بە زۆری پێشبینی ئەوە دەکەین ژمارەکان هەشت هێندە بەرزببنەوە.".
بەگوێرەی ئافاد، تائێستا سەروو 14 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بریندار بوون و لە سووریاش لانیکەم 3 هەزار و 411 کەس بەهۆیەوە بریندار بوون.
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 6-2-2023، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە. بوومەلەرزەکە بەجۆرێک گەورە بوو، تەنانەت لە گرینلاند هەستی پێکرا.
لەدوای بوومەلەرزەکەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستی بە ناردنی هاوکاری بۆ ناوچەکە کرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سەروو 45 وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ پێشکێشکردنی هاوکاری پێیان دەربڕیوە.