رووداو دیجیتاڵ
لوبنان و ئەمریکا رایانگەیاند، سوپای لوبنان دەستی بە جێگیرکردنی هێزەکانی لە شاری ناقوورەی باشووری وڵاتەکەی کردووە، دوای ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل لێی کشایەوە.
زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر، ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانیدا راگەیێندرا.
لەو کاتەوە، سوپای ئیسرائیل لە دوو شاری دیکەی باشووری لوبنان کشاوەتەوە، کە ئەوانیش شارەکانی خیام و شەمعەن.
ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هەردووکیان رێککەوتوون تاوەکو پێش کۆتایی ئەم مانگە، هێزەکانیان لە باشووری لوبنان بکشێننەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە لەلایەن سوپای فەرمیی لوبنان و هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاسەوانی بکرێت.
ئامۆس هۆکشتاین، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ناوچەکە، رۆژی دووشەممە گوتی، کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، بە گوێرەی پلان بەڕێوەدەچێت، بەڵام پشتڕاستی نەکردەوە کە ئایا لەو 60 رۆژەدا تەواو دەبێت کە رێککەوتنی لەسەر کراوە یان نا.
سوپای لوبنان ڤیدیۆی رۆیشتنی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی لەنێو ناقوورەدا بڵاوکردەوە.
سوپاکە دەڵێت، دوای جێگیربوونیان، هێزە تایبەتمەندییەکان ناوچەکە رووپێو دەکەن بۆ ئەوەی بۆمبە نەتەقیوەکان بدۆزنەوە و لەنێویان ببەن. سوپاکە داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کرد، خۆیان لەو شوێنانە بەدووربگرن و شوێن رێنماییەکانی سوپا بکەون.
جێگیرکردنی ئەو هێزانە لە ناقوورە هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەیەکی لیژنەی چاودێریکردنی ئاگربەستەکە لە راس ناقوورە کە شوێنی بارەگەی سەرەکیی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
هۆکشتاین لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو.
هۆکشتاین رۆژی دووشەممە گەیشتە بەیرووت. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، وەک نێوەندگیرێک لە بەدیهێنانی ئاگربەستەکەدا هاوکار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ