رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری سیاسی سەر بە دەستەی تەحریر شام داوا لە چین و رووسیا دەکات پەیوەندیی دیپلۆماسی لەسەر بنەمای رێزگرتن پێکبهێنن. دڵنیایی دەداتە هەردوو وڵاتەکە کە رەوەند و نێردە دیپلۆماسییەکانیان پارێزراون.
لە راگەیێندراوێکدا، شەوی هەینی 6ـی کانوونی یەکەمی 2024 بڵاوکرایەوە، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری سیاسیی سەر بە دەستەی تەحریری شام، داوایەک ئاراستەی رەوەند و نێردە دیپلۆماسییەکانی چین و رووسیا لە سووریا دەکات متمانەیان پێبکەن و بەڵێنیان پێدەدات، شەڕەکەیان لە دژی ئەوان نییە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ " دڵنیاتان دەکەینەوە جەنگی گەلی سووریا جەنگی رزگارکردنی خاک و نیشتمانە لەژێر چنگی رژێمی ئەسەدی تاوانکار. جەنگی ئێمە جەنگی دژ بە هیچ وڵاتێکی بیانی و رەوەندەکانیان نییە."
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری سیاسیی دەستەکە باس لەوە دەکات: "پێداگری لەوە دەکەین رەوەندەکانتان لە سووریا تەواوی مافەکانیان پارێزراو دەبێت و لەوپەڕی ئارامیدا دەبن و پاراستنی رەوەندەکان و نێردە دیپلۆماسییەکانیشتان ئەرکمانە."
تەحریر شام داوا لەو دوو وڵاتە دەکات: "پشتیوانی لە ئیرادەی گەلی سووریا بکەن بۆ رزگاربوونیان لەژێر دەستی ستەم و تاوانکاری. با پێکەوە پەیوەندیی دیپلۆماسیی هاوبەش لەسەر بنەمای رێزگرتنی نێوان گەلانمان پێکبهێنین. پێکەوە کاربکەین بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری وڵاتەکانمان. هەروەها پێکەوە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان بپارێزین."
پێشتر چین و رووسیا نیگەرانییان لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا دەربڕی و داوایان لە رەوەندەکانیان کرد بە زووترین کات، سووریا جێبهێڵن.
هێرشی دەستەی تەحریری شام لە 25ی مانگ دەستیپێکردووە و لە 27ی مانگ چوونە نێو حەلەب. ئێستا پێشڕەوییەکانیان بەرەو پارێزگای حومس بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ