پێگەی ژن لە سینەما دا سیمایەکی دیاری چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوورە لە جەددە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ چوارەمین جار سعودییە شانی دایە بەر گرنگترین و گەورەترین رووداوی سینەمایی ناوچەکە و باوەشی بۆ سەتان سینەماکاری جیهانی کردەوە. تۆڕی میدیایی رووداویش رووماڵی فێستیڤاڵەکە دەکات.
دەریای سوور بە فەرمی بۆ خولی چوارەم بە درووشمی فیلم ماڵی نوێی هەیە کرایەوە. ئەوانەی لەسەر فەرشی کرانەوەی فێستیڤاڵەکە تێپەڕین زیاتر لە 150 کەس بوون.
لە دیارترینیان وێڵ سمیس، ڤین دیزڵ، ئیمیڵی بڵانت، کارینا کاپوور، عامرخان چەندین ئەستێرەی دیکە.
عامر خان، ئەستێرەی بۆڵیوود بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور. تێکەڵبوونێکی جوانە. چاوەڕێم بزانم چی دەبینم لێرە. حەز دەکەم ساڵی داهاتوو بگەڕێمەوە و زیاتر کات لەو فێستیڤاڵە بەسەر ببەم."
هاوکات، کارینا کاپوور، خانمە ئەستێرەی بۆڵیوود بە رووداوی گوت: "دووەم جارە بێم بۆ فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور، ساڵی رابردووش لێرە بووم و ئەمجارە زۆر گەورەترە، فیلمی زۆرتر لێرە هەن کە یەکەم نیشاندانیان لێرە بۆ رێکدەخرێت ئەمەش زۆر شتێکی باشە."
لە دوای باز لۆرمان بۆ ئەم ساڵ، سپایک لی، دەرهێنەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، سەرۆکایەتیی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵەکە دەکات بۆ بەخشینی خەڵاتەکانی "یوسر".
لە دوای ئەوەی مایکی رووداوی وەرگرت، باسی نوێترین پرۆژەی خۆی لەگەڵ دێنزیل واشنتن دەکات.
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ سپایک لی، دەرهێنەری ئەمریکی:
سپایک لی: ناوت چییە؟
رووداو: پەیام.
سپایک لی: پەیام؟
رووداو: بەڵێ من کوردم.
سپایک لی: ئێستا من خەریکی بەرهەمهێنانی فیلمێکم کە (دێنزڵ واشنتن) رۆڵی تێدا دەگێڕێت. لە وەرزی هاوین دەردەچێت، فیلمەکە ناوی (هایەست تو لۆوێست)ـە و دووبارە پیشاندانەوەی فیلمی ژاپۆنی (های ئەن لۆو)ـە.
فێستیڤاڵەکە، دەیەوێت وەک زۆربەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان پێگەی بەرزی ژن لە سینەمادا بخاتەڕوو.
کرانەوەی کولتووری سعودیە خاڵێکی هاوبەشی سەرنجڕاکێشە بەلای زۆربەی سینەماکاران.
نادین نەسیب نجێم، ئەکتەری لوبنانی دەڵێت: "پێموایە پێویستە باسی ژنان بکەین، باسی دەستکەوت و ناڕەحەتییەکانی ژنان. هەروەک دەزانی کۆمەڵگە کولتوور و بیرکردنەوەی جیاوازیان هەیە و هەمیشە ژنان باجەکەی دەدەن. پێمخۆشە سەرنج بخەمە سەر ئەو چیرۆکە خەمگینانە."
رۆب راکۆ، ئەکتەری کەنەدی پێیوایە سعودیە "بووەتە ناوەندی گەڕان بەدوای کار دا. خەڵکێکی زۆر دەیانەوێت لێرە کاربکەن و ببنە بەشێک لە نەوەی داهاتوو، ئەمە وزەیەکی نوێ دەداتە سینەما."
لەپاڵ سینەماکارە جیهانییەکان، سینەماکارانی کوردیش رووخسارێکی دیاری فەرشی سووری فێستیڤاڵن.
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد کە کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی 'شاردنەوەی سەدام' کردووە، دەڵێت: "دڵخۆشم کە جارێکی دیکە گەڕامەوە دەریای سوور بۆ یەکەمین جار پرۆژەیەکمان هەیە بە ناوی فارووق کە چیرۆکی کەسێکی جیۆلۆجی عێراقی دەگێڕێتەوە کە توانی دیزاینی نەرویجی بکات لە ساڵی 1968 توانی نەوت لە دەستی حکومەت و کۆمپانیاکان دەربهێنێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک خەرجی بکات، پرۆژەکەمان ئەمەیە ئەمجارە."
لەم خولەی فێستیڤاڵ 120 فیلم لە 81 وڵاتەوە بەشدارن، 17 فیلم لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکین. فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵیش فیلمێکی مسری-سعودی دەرهێنەر کەریم شناوی بوو بە ناوی Tale of Daye's Family.