نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق، سووریا و ئێران

06-12-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە ئاڵۆزی و شەڕەکانی سووریا و وەزیری دەرەوەی عێراقیش رایگەیاند، هێزەکانیان لە "ئامادەیی تەواو"دان بۆ پاراستنی عێراق. وەزیری دەرەوەی سووریاش، کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە هەندێ ناوچە بە "تاکتیک" ناودەبات.
رۆژی هەینی، 06-12-2024 د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بەسام سەباخ، وەزیری دەرەوەی سووریا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدا لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریا کۆبوونەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسیان لە کۆبوونەوەکانیان کرد. 
 
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "دەمانەوێت زۆر بایەخ بە دۆخی سووریا بدەین. ئێمە، هەر سێ وەزیرەکە هەڕەشەکانمان گفتوگۆ کرد."
 
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سووریا لەپێناو هاوئاهەنگیکردن لەسەر چالاکییە دیپلۆماسییەکان کار دەکەن.
 
لەبارەی پاراستنی عێراق لە ئاڵۆزییەکانی نێو سووریا فوئاد حوسێن جەختیکردەوە، کە هێزەکانیان لە "ئامادەیی تەواو"دان بۆ پاراستنی عێراق.
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا بەسام سەباخ، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند: "باسمان لە دۆخی مرۆیی کرد. بە تایبەت ئەم دۆخە وایکردووە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئاوارە بن."
 
وەزیری دەرەوەی سووریا لە بەغداوە دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە سوپای سووریا ئەرکی خۆی لە بەرپەچدانەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان بەجێ دەگەیێنێت.
 
بەسام سەباخ گوتیشی، ئەو گرووپانە بەرهەڵستی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوێستی وڵاتەکەی روونکردەوە و رایگەیاند: حکومەت، گەل و سوپای سووریا رووبەڕووی هێرشە تیرۆریستییەکان دەبنەوە. ئێران لە پاڵپشتیکردنی گەل و حکومەتی سووریا بەردەوام دەبێت.
 
عێراقچی باسی لەوەشکرد: "پەیامی هەر سێ وڵات، پەیامێکی زۆر گرنگ بوو؛ یەکەم، پەیامی پاڵپشتی بوو بۆ حکومەتی سووریا لە شەڕی دژ بە تیرۆر و تەواوی رێکخراوە تیرۆریستییە تەکفیرییەکان، ئەم پلانە لە رێگەی پیلانێکی هێزی زایۆنی - ئەمریکی داڕێژراوە."
 
بە گوتەی  وەزیری دەرەوەی ئێران، "ئەم هەڕەشە تیرۆریستییە تەنیا لە چوارچێوەی سووریا دا نابێت، بەڵکو هەڕەشە دەبێت بۆ تەواوی ناوچەکە."
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغداوە: گرووپە تیرۆریستییەکان بەهێزتر دەبن و هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
 
عەباس عێراقچی دەڵێت: "دەبێ هێرش بکەینە سەر تیرۆر، بۆ ئەوەی ئەمن و ئاسایشی خۆمان بپارێزین."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە